عێراقچی: ئێمە پاسەوانی راستەقینەی گەرووی هورمزین

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند کە تاران لەگەڵ پرەنسیپی وەرگرتنی "قەرەبوو" دایە بۆ پاراستنی گەرووی هورمز، بەڵام جەختی کردەوە کە ئێران "پاسەوانی هەتاهەتایی" گەرووەکەیە نەک ئەمریکا. عێراقچی باجی 20%ـی ئەمریکای بە "زۆر" وەسف کرد و بەڵێنی نرخێکی گونجاوتر و دادپەروەرانەی دا.

دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەتەواوی راست دەکات؛ هەر لایەنێک ئاسایش و تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز دابین بکات، دەبێت بەرامبەر بەو خزمەتگوزارییە قەرەبوو بکرێتەوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "وڵاتەکەی هەمیشە پاسەوانی گەرووەکە بووە و بۆ هەتاهەتایە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە."

سەبارەت بەو باجە 20%یەی کە ترەمپ رایگەیاندبوو وەک تێچووی پاراستن لە کەشتییەکان وەردەگیرێت، عێراقچی گوتی: "بێگومان 20% بڕێکی زۆرە، ئێمە دادپەروەر دەبین."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاوی کردەوە و تێیدا بڕیاری دا گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە ئێرانییەکان و کڕیارەکانیاندا دابخات و ویلایەتە یەکگرتووەکانی وەک "پاسەوانی گەرووی هورمز" ناساند و رایگەیاند، بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەم رێڕەوە، بە ڕێژەی 20% قەرەبوو لە کەشتییەکانی گەرووی هورمز وەردەگرین.