سێنتکۆم: لە سبەینێوە گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران جێبەجێ دەکرێت
سێنتکۆم رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، لە پاشنیوەڕۆی سبەینێ سێشەممەوە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تەواوی بەندەرەکانی ئێران دەستپێدەکاتەوە؛ جەختی کردووەتەوە، هێزەکانیان رێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن کە مامەڵە لەگەڵ بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێراندا بکات.
دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی وڵات، لە کاتژمێر 23:00ـی رۆژی 14ـی تەممووز بە کاتی رۆژهەڵات، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تەواوی بەندەرەکانی ئێران دەستپێدەکاتەوە. ئەم بڕیارە هەموو ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بچنە ناو بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران یان لێیان بێنە دەرەوە.
سێنتکۆم راشیگەیاند، هێزەکانیان ئەرکی جێبەجێکردنی گەمارۆکەیان پێ سپێردراوە و رێگری لە هەر کەشتییەک دەکەن کە مامەڵە لەگەڵ بەندەرەکانی ئێراندا بکات. هاوکات سێنتکۆم جەختی کردەوە، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە پاراستنی هاتوچۆی ئازاد لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بۆ ئەو کەشتییانەی کە پابەندی رێساکانی گەمارۆکە دەبن و سەرپێچی ناکەن.
ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە قۆناخی یەکەمی گەمارۆکە لە نێوان 13ـی نیسان بۆ 18ـی حوزەیرانی رابردوو جێبەجێ کرا. بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، لەو ماوەیەدا ئەمریکا توانیویەتی ئاراستەی 140 کەشتیی پابەند بگۆڕێت، 9 کەشتیی سەرپێچیکار پەک بخات و رێگەش بە تێپەڕبوونی 50 کەشتیی بازرگانی بدات کە هاوکاریی مرۆییان بۆ خەڵک گواستووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە تەواوی کەشتیوانان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی کە لە کاتی کارکردنیان لە دەریای عومان و نزیکبوونەوە لە گەرووی هورمز، بەردەوام چاودێریی پەخشە فەرمییەکان بکەن و لە رێگەی کەناڵی نێودەوڵەتیی 16ـەوە پەیوەندی بە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە بکەن بۆ وەرگرتنی رێنماییەکان.