سەفین دزەیی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فەرەنسا مێژووین
لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتیمانی فەرەنسا لە هەولێر، جەخت لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرایەوە. سەفین دزەیی رایگەیاند، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانێکی دڵسۆزی کورد بووە و کونسوڵی گشتیی فەرەنساش ماڵاوایی لە کوردستان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەمموزی 2026،لە گوتارێکدا بەبۆنەی رۆژی نیشتیمانی فەرەنسا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هاوبەشی و دۆستایەتی خۆمان بۆ فەرەنسا دووپاتدەکەینەوە. پایەکانی دامەزراندنی فەرەنسا بنەمای بەهێزیان هەبووە و نەوەکانی ئێمەش چەندین ساڵە بۆ ئازادی تێدەکۆشن، ئەمەش خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوولایە."
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە رابردوودا جەنگی گەلی کورد بۆ مانەوە و ئازادی بووە، بەڵام ئێستا قۆناغەکە گۆڕاوە و هەوڵەکان بۆ بەردەوامی لە ژیان و گەشەپێدانی زیاترە. وتیشی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فەرەنسا لە ساڵی 1991وە بەردەوامە؛ فەرەنسا هاوڕێیەکی بە ئەمەک بووە لە دابینکردنی کەشێکی سەلامەت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە تیشکی خستە سەر مێژووی پەیوەندییەکان و هێمای بۆ ئەوە کرد، کە لە ساڵانی هەشتاکانەوە فەرەنسا باوەشی بۆ پەنابەری کورد کردووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی مێژوویی "شارل دیگۆڵ" کرد و رایگەیاند، بوونی پەیکەری ئەو سەرکردەیە لە پارکی سامی عەبدوڵرەحمان لە هەولێر، گوزارشت لە قووڵیی ئەو پەیوەندییە دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بۆنەیە بۆ ئەو تایبەتە، چونکە دواین ئەرکی دیپلۆماسییەتی لە هەرێمی کوردستان پێش گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی.
یان برێم بە پێزانینەوە باسی لە ماوەی کارکردنی کرد و گوتی"لەگەڵ خۆمدا چەندین یادگاریی جوان، دۆستایەتی خەڵکی ناوچەکە، دیمەنی دڵڕفێنی شاخە سەرکەشەکان و شارە جوانەکانی کوردستان دەبەمەوە بۆ فەرەنسا."