سێنتکۆم: گەڕێکی نوێی هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گەڕێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و لە چەند کاتژمێری داهاتووشدا گەمارۆی دەریایی دەخەنە سەر بەندەرەکان و ناوچە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کاژێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی گەڕێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران.

سەنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەم هێرشانە بەردەوامبوونە لە پەکخستن و لاوازکردنی ئەو توانایانەی ئێران، کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکاریان دەهێنێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەکاریی تەواودان بۆ دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی (Naval Blockade) بۆ سەر بەندەرەکان و ناوچە کەناراوەکانی ئێران، هەروەها ئاشکراشی کردووە کە گەمارۆکە لە کاژێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هاوکات، کەمێک لەمەوبەر دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەر عەباس بیسترا و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لەمبارەوە بڵاویکردووەتەوە، شوێنێکی شاری بەندەر عەباس لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆردومانکراوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی لە بارەی شوێنەکە و زیانەکان ئاشکرا نەکردووە.

هەروەها چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، فڕۆکەخانەی ئەهوازیش کەوتووەتە بەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمریکا 13ـی نیسان گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی دەستپێکرد، دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران لە 18ـی حوزەیران گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵگیرا. لەو ماوەیە هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 140 کەشتییان گەڕاندەوە و رێگەیان نەدا هاتووچۆی بەندەرەکانی ئێران بکەن.