کوەیت: بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ئێرانمان دایەوە

وەزارەتی بەرگریی کوەیت: چوار سەربازمان بریندارن

وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان بەرپەرچی هێرشێکی بەرفراوانی ئێران چەندین ناوچەی جیاوازی وڵاتەکەیان داوەتەوە و ژمارەیەک مووشەک و درۆنیان تێکشکاندووە، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشەکانەوە چوار سەربازیان بریندار بوون.

روکن سعوود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند "لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا، هێزە چەکدارەکانمان توانیویانە ڕێگری لە یەک مووشەکی بالیستی، 5 مووشەکی جووڵاو (کرووز) و 33 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانە بکەن و تێکیان بشکێنن."

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێرشەی ئێران کە بە "دەستدرێژییەکی تاوانکارانە" وەسفی کرد، چەندین دامەزراوەی زیندوو و مەدەنیی کردووەتە ئامانج و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکە تێکشکاوانەوە لە چەند ناوچەیەکی وڵات، زیانی ماددی کەوتووەتەوە.

لەبارەی زیانە گیانییەکان، سعوود عەتوان ئاشکرای کرد "لە ئەنجامی هێرشەکاندا، یەکێک لە پارچە دەریاییەکانی سەر بە هێزی دەریایی کوەیت کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کارمەندی هێزە چەکدارەکانمان بریندار بوون، لە ئێستاشدا چارەسەری پزیشکی پێویستیان بۆ کراوە و باری تەندروستییان جێگیرە."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی کوەیت جەختی لەسەر ئامادەباشیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمان و سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووانی کوەیت.