وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، 54 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی سزادا

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر تۆڕێکی بەرفراوانی ئێرانی سەپاند و راشیدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشە تێکدەرەکانی ئێران لە گەرووی هورمز.

ئەمڕۆ، 14ـی تەمموزی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: سزاکانی ئەمڕۆ زیاتر لە 50 کەسایەتی، قەوارە و کەشتی دەگرێتەوە کە هاوکاری تۆڕەکەی شەمخانی و  ئێران دەکەن بۆ دەستکەوتنی قازانج، لە کاتێکدا گەلی ئێران لەژێر باری گرانی ئابووریی حکوومەتەکەیاندان.

هەروەها  لەچواچێوەی سزاکان 10 کەسایەتی و 24 دامەزراوە و 20 کەشتیی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەیان سزاداوە.

ئەم هەنگاوەی تەواوکەری ئەو سزایانەیە کە لە نیسانی 2026 و تەمموزی 2025 بەسەر هەمان تۆڕدا سەپێنرابوون، تا ئێستا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر زیاتر لە 200 کەسایەتی، قەوارە و کەشتی تێوەگلاو لەژێر چەتری شەمخانیدا سەپاندووە.

وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە (13902) دراوە، کە دەسەڵات دەداتە وەزیری گەنجینە بۆ سزادانی کەرتە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێران. هەروەها جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی فرۆشی نەوتی ئێران لە چوارچێوەی یاداشتی ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکایەتیدا.