هەڵبژاردن لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت؛ ناتانیاهۆ چەند رکابەرێکی بەهێزی هەیە

ئیسرائیل رۆژی 27ی ئۆکتۆبەری بۆ هەڵبژاردنی گشتی دیاریکردووە. ئەم پرۆسەیە وەک گشتپرسییەک لەسەر مانەوە یان رۆیشتنی ناتانیاهۆ دەبینرێت و لە ئێستاشدا چوار سەرکردەی دیار هەوڵی وەرگرتنی دەسەڵات دەدەن.

هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل، رۆژی 27ی ئۆکتۆبەری داهاتووی بۆ هەڵبژاردنەکان دیاریکردووە. بڕیارە پەرلەمان لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا بکەوێتە پشووی هەڵبژاردنەوە. 

چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە یەکلاییکەرەوە بێت بۆ چارەنووسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئیسرائیل و کارنامەی کابینەکەی.

 راپرسییەکان دەریدەخەن زۆربەی خەڵکی ئیسرائیل دەیانەوێت ناتانیاهۆ دەسەڵات جێبهێڵێت و گۆڕانکاریی ریشەیی بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەند سەرکردەیەک بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان ئەمانەن:

گادی ئایزنکۆت: جەنەڕاڵێکی پێشووی سوپایە و پارتی (یاشار)ـی دامەزراندووە. لە ئێستادا پێشەنگی راپرسییەکانی گرتووە. دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر چووە ناو ئەنجوومەنی جەنگ، پاشان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024 دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند ئامانجەکانی جەنگ نەپێکاون. پێشتریش سکرتێری سەربازیی هەردوو سەرۆکوەزیرانی پێشوو، ئیهود باراک و ئاریێل شارۆن بووە.

نەفتالی بێنێت: سەرۆکوەزیرانی پێشووترە. لەگەڵ یائیر لاپید هاوپەیمانییەکیان بەناوی (پێکەوە) بۆ یەکخستنی ئۆپۆزیسیۆن دژی ناتانیاهۆ پێکهێناوە. لە ساڵی 2006 بەڕێوەبەری نووسینگەی ناتانیاهۆ بووە، دواتر بووەتە دوژمنی. لە ساڵی 2021 توانی لەگەڵ لاپید حکوومەت پێکبهێنێت و دەسەڵات لە ناتانیاهۆ بسەنێتەوە.

یائیر لاپید: پێشتر پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە و ئێستا لەگەڵ بێنێت هاوپەیمانییەکی بەهێزیان دروستکردووە. سەرەتا وەک رۆژنامەنووس لە گۆڤارێکی سەربازیدا کاری کردووە. لە ساڵی 2012 پارتی (داهاتوویەک هەیە)ـی دامەزراند و چووە ناو دنیای سیاسییەوە، توانی 19 کورسی بهێنێت و هەمووان تووشی سەرسوڕمان بکات.

ئەڤیگدۆر لیبەرمان: سەرۆکی پارتی (ئیسرائیل ماڵمانە)ـیە و سیاسەتمەدارێکی راستڕەوی توندڕەوە. بانگەشەی سەرەکیی بۆ ئەوەیە مافی تایبەت لە جولەکە ئایینییە توندڕەوەکان بسەنرێتەوە و ناچاری خزمەتی سەربازی بکرێن. پێشتر پۆستی وەزیری بەرگری و وەزیری دارایی وەرگرتووە. سەردەمانێک دۆستی نزیکی ناتانیاهۆ بووە، بەڵام ئێستا یەکێکە لە نەیارە سەرسەختەکانی.

هەڵبژاردنی ئەمجارە، رووداوێکی دەگمەنە، لەبەرئەوەی لە ساڵی 1988ـەوە یەکەمین جارە حکوومەتێکی ئیسرائیل بتوانێت ماوەی یاسایی چوار ساڵەی خۆی تەواو بکات بێ ئەوەی پێشوەختە هەڵبوەشێتەوە. 

ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە وڵاتەکە بە قەیرانێکی قووڵی سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و شەڕەکانی غەززە، لوبنان و ئێران. 

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێستای ناوخۆی ئیسرائیل، پرسی چاکسازیی دادوەری و بەشداریکردنی جولەکە ئایینییەکانە لە سەربازیی زۆرەملێدا. رکابەرەکانی ناتانیاهۆ دەیانەوێت ئەو بابەتە و تووڕەیی جەماوەر لە شکستی ئەمنی بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە یەکجاری کۆتایی بە کابینەکەی بهێنن، لە بەرانبەریشدا ناتانیاهۆ دەیەوێت بە پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکە فراوان پارێزگاری لە پۆستەکەی بکات.