بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر راگیرا

کۆمپانیای "دانە گاز" بەهۆی هەڕەشەی ئەمنی و ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە، سەرجەم دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی کۆرمۆر بە شێوەیەکی کاتی داخست.

کۆمپانیای "دانە گاز" لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی بوونی هەڕەشەی باوەڕپێکراو لەسەر ئاسایش و توندبوونەوەی دۆخی ناوچەکە، بڕیاریان داوە هەموو دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بە شێوەیەکی کاتی دابخەن.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش داوە، چاودێریکردنی دۆخەکە بەردەوامە و بۆ ئەم مەبەستەش لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و بەغدا دەکەن.

دوای ئەم راگەیەنراوە، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، گرفتێکی ئەمنی لە کێڵگەی کۆرمۆر دروست بووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. بەم هۆیەشەوە بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی بە بڕی 2500 مێگاوات کەم بووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا هاوبەشانی ئاگادار کردووەتەوە ئەم دۆخە کاتییە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە شێوەیەکی ئاسایی.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی غازی سروشتییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.

 لە ماوەی رابردووشدا کێڵگەکە چەندین جار رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە و هەموو جارێکیش بووەتە هۆی کوژانەوەی گشتیی کارەبا و کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان.

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی ئاسایشی زیاتر بۆ ئەو دامەزراوە ستراتیژییانە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە.