زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک پڕۆگرامی ماستەری لە زیرەکیی دەستکرد کردەوە
زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک (AUK) وەرچەرخانێکی نوێی زانستیی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و بۆ یەکەمجار پڕۆگرامی ماستەری لە بواری "زیرەکیی دەستکرد" (AI) بۆ قوتابیان فەراهەم کرد. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی ئامادەکردنی نەوەیەکی پسپۆڕە بۆ بازاڕی کاری داهاتوو و گەیاندنی کوردستانە بە نوێترین پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکانی جیهان.
زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک یەکەمین خولی خوێندنی ماستەری لە بواری زیرەکیی دەستکرد دەستپێکرد، کە تێیدا 22 قوتابی لە ژێر چاودێریی پسپۆڕانی نێودەوڵەتیدا دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان کردووە. پڕۆژەکانی ئەم قوتابییانە بوارە هەرە هەستیارەکانی وەک ئاسایش و پزیشکی دەگرێتەوە، کە تێیدا هەوڵ دەدرێت زیرەکیی دەستکرد بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی بەکاربهێنرێت.
هەڤال عەلی، قوتابی ئەم خولە بە کوردستان24 گوت: کار لەسەر سیستەمێکی زیرەکی وێنەگرتن دەکەم کە دەتوانێت زانیاریی وردی رووداوەکان بۆ دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیس دابین بکات. لە بەرامبەردا، پەنار حەکیم قوتابییەکی دیکە، داهێنانێکی پزیشکیی پێشکەش کردووە کە لە رێگەی زیرەکیی دەستکردەوە وەرەمی مێشک دەستنیشان دەکات و کاراسانیی گەورە بۆ پزیشکان فەراهەم دەکات.
شەماڵ محەمەد، سەرۆکی بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر و ئایتی لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆگرامە بە شێوازێکی زۆر ورد داڕێژراوە. گوتیشی: "قوتابییان لە ماوەی تەنیا 18 مانگدا و لەسەر چوار وەرزی خوێندن، هەموو ئەو کارامەییانە بەدەست دەهێنن کە پێویستن بۆ ئەوەی ببنە پسپۆڕی ئاستبەرز لە بواری زیرەکیی دەستکرددا."
زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کە لە ساڵی 2014ـەوە دامەزراوە، تاوەکو ئێستا 385 دەرچووی رەوانەی بازاڕی کار کردووە و ئێستا 935 قوتابی لە بەشە جیاوازەکاندا بەردەوامن لە خوێندن.