پێنتاگۆن پشکنینی هۆرمۆنی نێرینە بەسەر سەربازانی ئەمریکا دەسەپێنێت
بڕیارێکی نوێی پێت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا، سەبارەت بە ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانە بۆ ئاستی هۆرمۆنی "تێستۆستیرۆن" بۆ سەربازانی سوپا و هێزە یەدەگەکان کە تەمەنیان لە 30 ساڵ بەرەو سەرەوەیە، مشتومڕێکی فراوانی لەنێوان شارەزایانی سەربازی و پزیشکیدا دروست کردووە.
شەممە 18ـی تەممووزی 2026، پێت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجی ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی ئامادەباشیی سەربازی و باشترکردنی توانای جەستەیی و بەرگەگرتنی سەربازەکان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام پزیشکان و شارەزایانی تەندروستی گومانیان لە بنەما زانستییەکەی هەیە، زۆرێک لە پزیشکەکان جەخت دەکەنەوە، ئاستی ئەم هۆرمۆنە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە توانای جەنگییەوە نییە و هۆشداریش دەدەن لە لێکەوتە تەندروستییەکانی.
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، پێدانی ژەمە دەرمانی تێستۆستیرۆن بەبێ پێویستییەکی پزیشکیی سەلمێنراو، رەنگە ببێتە هۆی مەترسیی نەزۆکی، کێشەی پڕۆستات، زیادبوونی خەستیی خوێن، هەڵوەرینی قژ و تێکچوونی باری دەروونی، پێنج لە کۆی شەش شارەزای تەندروستیی پیاوان سەرسامیی خۆیان بەم بڕیارە دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، رەنگە ببێتە هۆی چارەسەری پزیشکیی ناپێویست و زیانبەخش.
ئەم هەنگاوەی پێنتاگۆن لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدایە لە سیاسەتەکانی چاودێریی تەندروستیدا، هێگسێت پێشتریش بڕیاری ناچاریی وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلوەنزای بۆ سەربازان هەڵوەشاندبووەوە، هەرچەندە دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە لە بڕیارەکە پاشەکشە کرا.
کێڤن مکفاری، پزیشکی پسپۆڕی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ، ئاماژەی بەوە کردووە، زۆرێک لە سەربازانی ئەمریکا گەنجن و هێشتا خێزانیان پێکنەهێناوە، پێدانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی کە چارەسەرکردنیان قورسە، لای خۆشیانەوە، کۆمەڵەی پزیشکانی میز و میزەڕۆی ئەمریکی رێنمایی دەدات کە ئەم هۆرمۆنە تەنیا بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە نیشانەی روونی وەک کەمیی بارستەی ماسولکە و لاوازیی ئێسکیان تێدا دەرکەوتووە.
تاوەکو ئێستا پێنتاگۆن رێنمایی وردی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامە نائاساییەکانی پشکنینەکە بڵاونەکردووەتەوە و دیاریش نییە کە ئایا ئەم رێکارە سەربازانی مێینەش دەگرێتەوە یان نا، هەرچەندە وەزیری جەنگ جەختی کردووەتەوە، وەرگرتنی چارەسەر بۆ سەربازان ئارەزوومەندانە دەبێت.