واشنتن هۆشداریی ئاستی باڵا دەداتە هاووڵاتییانی لە سەرتاسەری جیهان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی جیهانیی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و داوای لێکردن بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاگاداری خۆیان بن.

شەممە 18ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ژینگەی ئەمنی بە ئاڵۆزی ماوەتەوە و ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی دۆخەکە لە ئارادایە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا تەنانەت لە دەرەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.

وەزارەتەکە هۆشداری دەدات، گرووپە لایەنگرەکانی ئێران رەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان ئەو شوێنانەی هاووڵاتییانی ئەمریکییان لێیە لە سەرتاسەری جیهان بکەنە ئامانج.

هاوکات داوا لە ئەمریکییەکان کراوە چاودێریی وردی هەواڵەکان بکەن و پابەندی رێنماییە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان بن.

 هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی کاتیی هێڵە ئاسمانییەکان لە ئارادایە، کە رەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی گەشتەکان.