سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ واشنتن هێنا

سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆتایی گەشتەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راگەیاند و سوپاسی ئیدارەی ترەمپ و گەلی ئەمریکای کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان؛ جەختیشی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و یاداشتانە کردەوە کە لەم سەردانەدا واژۆ کراون و بە سەرەتای قۆناخێکی نوێی "هاوبەشیی ئابووری و گەشانەوە" بۆ عێراق و ناوچەکەی وەسف کردن.

شەممە 18ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەستکەوتەکانی سەردانەکەی بۆ واشنتن خستەڕوو ڕایگەیاند، "لەکاتێکدا کۆتایی بە سەردانەکەمان بۆ واشنتن دەهێنین و دەگەڕێینەوە بۆ بەغدای خۆشەویست، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان ئاراستەی ئیدارەی ترەمپ و گەلی دۆستی ئەمریکا دەکەین بۆ ئەو میواندارییە بەڕێزەی لێیان کردین."

سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، حکوومەتەکەی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنانەی کە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئیمزا کراون. گوتیشی: "ئێمە ویستمان بۆ بەرجەستەکردنی هاوبەشیی ئابووریی ستراتیژی لە نێوان هەردوو وڵاتی نوێ دەکەینەوە ، ئەمەش لەسەر بنەمای متمانەی یەکتر و دیدگایەکی هاوبەش بۆ داهاتوو."

زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەماهەنگییە نوێیەی نێوان بەغدا و واشنتن تەنیا پەیوەست نییە بە لایەنی ئابوورییەوە، بەڵکو ئامانج لێی "بنیاتنانی قۆناخێکی نوێیە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات لە هەموو بوارەکاندا." سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە، ئەم هەوڵانە دەبنە هۆی جێگیرکردنی سەقامگیری و دابینکردنی رێڕەوێکی گەشاوە بۆ عێراق و تەواوی ناوچەکە.

ئەم سەردانەی عەلی فالح زەیدی بۆ ئەمریکا، کە یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتی بوو لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات تەماشا دەکرێت، بەتایبەت لەو ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییانەی کە ئێستا بەرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووە.