سێنتکۆم: شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی وڵات، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە وەک سزایەکی خێرا بۆ هێزەکانی سوپای پاسداران و وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانەی کە شەوی رابردوو کرانە سەر سەربازانی ئەمریکی لە خاکی ئوردن.

یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ (بە کاتی رۆژهەڵات)، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێ بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ناو خاکی ئێراندا. سێنتکۆم جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە بە ئامانجی "لاوازکردنی زیاتری تواناکانی ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی ستراتیژیی هورمز."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هەنگاوە سەربازییە وەک وەڵامێکی دەستبەجێ دێت بۆ ئەو هێرشانەی کە شەوی رابردوو هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) کردیانە سەر سەربازانی ئەمریکی لە وڵاتی ئوردن. واشنتن دەڵێت، ئامانجیان سزادانی توند و خێرای ئەو هێزانەیە کە بەرژەوەندییەکان و گیانی سەربازانی ئەمریکایان خستووەتە مەترسییەوە.

هەروەها میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کاتژمێر 01:30ـی بەرەبەیان دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری سیریک، بەندەری عەباس، بەندەری لێنگە و پارێزگای خوزستان بیستراون

رۆژی شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران لە خاکی ئوردن، دوو سەربازی وڵاتەکەیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا کوژراون. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردبوو سەربازێکی دیکەیان بێسەروشوێن بووە و چوار سەربازیش بریندار بوون.