تەلەگراف: هێرشەکانی ئەمریکا نیوەی بازرگانی ئێرانی پەکخستووە
رۆژنامەی "تەلەگراف" بڵاوی کردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پردەکان و ژێرخانی ئێران بوونەتە هۆی دابڕانی بەندەر عەباس لە تەواوی وڵات، ئەمەش مەترسیی پچڕانی نزیکەی نیوەی کۆی بازرگانیی ئێران دروست دەکات.
شەممە 18ـی تەممووزی 2026، رۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانیی ئاماژەی بەوەکردووە، بۆردومانەکانی ئەمریکا پرد و هێڵەکانی شەمەندەفەری تێکشکاندووە کە بەندەر عەباسیان بە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەوە دەبەستەوە، ئەم شارە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە چونکە گەورەترین بنکەی دەریایی ئێرانی لێیە و سەرپەرشتی گەرووی هورمز دەکات.
مایکل رۆبین، بەرپرسی پێشووی پێنتاگۆن، لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زیاتر بەرەو ئەو بۆچوونە دەچێت کە گۆشەگیرکردنی بەندەر عەباس پێویستە بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز. گوتیشی: "ئەگەر ئەوان بییانەوێت کۆتایی بەم دۆخە بهێنن، بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە."
رۆبین پێی وایە بەردەوامیی ئێران لە بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا، پێنتاگۆنی گەیاندووەتە ئەو دەرەنجامەی کە بژاردە سەربازییە سنووردارەکان چیتر بەس نین و گۆشەگیرکردنی شارەکە تەنیا رێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی واشنتن لە پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکاندا، هاوکات رۆژنامەکە هۆشداری دەدات ئەم هێرشانە رەنگە پرسیار لەسەر یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دروست بکەن، چونکە رێککەوتننامەی جنێف جەخت لە جیاکردنەوەی ئامانجە سەربازییەکان و ژێرخانی مەدەنی دەکاتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدا دێن، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سێنتکۆم گەڕی حەوتەمی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند، لە بەرامبەریشدا کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، تاران پابەندبوونی خۆی بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان راگرتووە.