بەریتانیا.. بیرەوەری و ئەرشیفی کوردی نمایش کرا

بنار سەردار، خانمە هونەرمەندی فۆتۆگرافی کورد، بەشداری پێشانگەیەکی هاوبەشی فۆتۆگرافی کردووە بە پڕۆژەی "لە نێوان ئاماژە و بێدەنگی"، کە لە سپایک ئایلاند، لەشاری بریستۆڵ لە وڵاتی بەریتانیا کرایەوە و دەڵێت، " بەشی دووەمی پرۆژەکە پێویست بوو لە گوندی شەدەڵە، زێدی باوباپیرانم ئەنجام بدرێت. پلان وابوو بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و وێنەکان لە شوێنی سەرەکی تۆمار بکەم، بەڵام بەهۆی شەڕ و داخستنی رێگەی ئاسمانی، ئەو گەشتە هەڵوەشایەوە و نەمتوانی لە کاتی دیاریکراودا بگەڕێمەوە."

ئەمڕۆ شەممە، 18ی تەمموزی 2026، بنار سەردار، خانمە هونەرمەندی فۆتۆگرافی کورد بە کوردستان24ی گوت، "ئەو پێشانگەیە وەک کۆتایی پڕۆژەی ماستەرنامەکەمە و  بنەمای پرۆژەکەشم لە گەڕان بەدوای ئەرشیفی باپیرە گەورەم دەستپێدەکات؛ ئەرشیفێک کە لە ناو دامەزراوە ئەکادیمی و ئەرشیفییە گەورەکانی بەریتانیا دۆزرایەوە و بووە هۆی دروستبوونی پرسیارێکی گەورە لەسەر ئەوەی کێ مێژوو دەپارێزێت، ئەرشیف چۆن بیرەوەری دروست دەکات و چی لە دەرەوەی ئەو ئەرشیفانە دەمێنێتەوە."

بنار سەردار گوتیشی، "بەشی یەکەمی لێکۆڵینەوەکە لە کتێبخانەی بریتانیا ئەنجامدرا؛ یەکێک لە گەورەترین دامەزراوەکانی توێژینەوەی جیهان کە نزیکەی 170 ملیۆن سەرچاوەی تێدایە. لە نێوان بەڵگەنامە، نەخشە، وێنە و دەستنووسە مێژووییەکاندا، من گەڕانم بۆ شوێنپێی کوردستان و مێژووی خێزانەکەم دەستپێکرد، بەڵام رێساکانی کتێبخانە رێگەیان بە بەکارهێنانی کامێرای پیشەیی نەدا، بۆیە ناچار بووم تەنیا بە مۆبایل فیلمەکە تۆمار بکەم. بۆیە ئەم سنووردارییە لە کۆتاییدا بووە هۆی دروستبوونی فیلمێکی کورت کە لە ماوەی پێنج خولەکدا، بێدەنگی و هەستی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەرشیف دەگوازێتەوە."

ئەو خانمە فۆتۆگرافەرە باس لە بەشی دووەمی پڕۆژەکەی دەکات و دەڵێت، "بەشی دووەمی پرۆژەکە پێویست بوو لە گوندی شەدەڵە، زێدی باوباپیرانم ئەنجام بدرێت. پلان وابوو بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و وێنەکان لە شوێنی سەرەکی تۆمار بکەم، بەڵام بەهۆی شەڕ و داخستنی رێگەی ئاسمانی، ئەو گەشتە هەڵوەشایەوە و نەمتوانی لە کاتی دیاریکراودا بگەڕێمەوە."

بنار سەردار باسی لەوەش کرد، "ئەو رووداوە لە سەرەتا وەک کۆتایی پرۆژەکەم دەردەکەوت، بەڵام دواتر بووە دەستپێکی بیرکردنەوەیەکی نوێ. لە کاتی پەیوەندی ڤیدیۆیی لەگەڵ دایکم، تێبینیم کرد کە تێکەڵبوونی رووناکی چرای ژوور و شینی ئاسمان، دیمەنێکی دروست کردووە کە زۆر نزیکە لە شێوەکارییەکانی ژۆرژ دێ لا تور، شێوەکارە فەرەنسییە ناسراوەکەی کۆتایی سەدەی حەڤدە. بۆیە ئەو ساتە بووە خاڵی وەرچەرخانی پرۆژەکە."

دەربارەی ئەوانەی بۆ گرتنی وێنەکان هاوکاریان کردووە، بنار سەردار دەڵێت، "لە دوای ئەوە، بە هاوکاری ئەندامانی خێزان، خزمان و هاوڕێیان، لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە، وێنەکان لە دوورەوە تۆمار کران. کامێرا لەلایەن منەوە لەسەر سێ‌ پایە دادەنرا و ئاراستەکردنی هەر وێنەیەک بە وردی لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام دەدرا. ئەو سنووردارییەی کە لە سەرەتا بەربەست دەهاتە بەرچاو، لە کۆتاییدا بووە بنەمای زمانی بینینی و ناسنامەی هونەری ئەم پرۆژەیە."

بنار سەردار ئاماژەی بەوەش دا، "یەکێک لە گەورەترین دڵەڕاوکێیەکانم ئەوە بوو کە نەوەک ئەم شێوازی کارکردنە لەلایەن سەرپەرشتیارانی ماستەرنامەکەمەوە وەرنەگیرێت. بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، سێ سەرپەرشتیارەکە ئەم گۆڕانکارییەیان بە هەنگاوێکی خەڵاق، هۆشمەندانە و نوێ لە قەڵەم دا و پشتگیری تەواویان لە پرۆژەکە کرد. هەندێک لە وێنەکانیش بوونە جێگەی سەرنجی تایبەتیان و هەر یەکەیان وێنەیەکی دڵخوازی خۆی هەڵبژارد."

ئەو پێشانگە  فۆتۆگرافییە هاوبەشە، رۆژی پێنجشەممە، 17ی تەممووزی 2026، لە سپایک ئایلاند، لەشاری بریستۆڵ لە وڵاتی بەریتانیا کرایەوە و ماوەی شەش رۆژ بەردەوام دەبێت.

بنار سەردار، خانمە هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد، خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی بەریتانیایە. خوێندنی بەکالۆریۆسی لە بواری فۆتۆگرافی دۆکیۆمێنتاری تەواو کردووە و ئێستا خوێندکاری ماستەری هونەری فۆتۆگرافییە لە بەریتانیا. وەک فۆتۆگرافەرێکی ئازاد چالاکی دەکات و کارەکانی لە چەندین وڵات، لەوانە بەریتانیا، نەرویج، هۆڵەندا، کۆماری چیک، سلۆڤینیا، میسر، تورکیا و پاکستان نمایش کراون. لە ساڵی 2019، رێکخراوی UNHCR هەڵیبژارد بۆ بەشداری پێشانگایەکی نێودەوڵەتی لە ڤێنیزی ئیتاڵیا، هەروەها خەڵاتی برۆنزی میسری بۆ وێنەیەکی دۆکیۆمێنتاری دەربارەی خەتەنەکردنی مێینە بەدەستهێنا.