ئیسرائیل بۆ پەرەسەندنێکی گەورە دژی ئێران ئامادەکاری دەکات

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، سوپای ئیسرائیل پلانێکی نوێی پێشکەش بە سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکە کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران.

شەممە 18ـی تەممووزی 2026، کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، دامەزراوەی بەرگریی ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری پەرەسەندنێکی گەورە لە ناوچەکەدا ئامادە دەکات، هەروەها لە زاری بەرپرسێکەوە گواستوویەتییەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیازە مەودای هێرشەکانی بۆ سەر ئێران فراوانتر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش نزیکەی 100 فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگری رەوانەی ناوچەکە کردووە.

پێشتر دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاشکرای کردبوو، تەلئەڤیڤ دوو سیناریۆی دیاری کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؛ یەکەمیان لە ئەگەری بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، دووەمیان لەسەر داوایەکی فەرمیی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکان.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن، رۆژی سێشەممەی رابردوو، لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی، چەندین پلانی سەربازیی نوێ پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ کران. بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ترەمپ تاوتوێی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەکات کە زۆر گەورەتر بێت لەو هێرشانەی ئێستا لە دەوروبەری گەرووی هورمز ئەنجام دەدرێن.

هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام پێدەچێت ئامادە بێت بۆ توندترکردنی جەنگەکە بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و قبووڵکردنی داواکارییە ئەتۆمییەکانی واشنتن، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا فەرمانی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەربکرێت.