خۆتۆمارکردن و وەرگرتنەوەی کارتی هەژماری من لە سلێمانی بەردەوامە
بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی بۆ تۆمارکردن لە پرۆژەی "هەژماری من"، فشارێکی زۆر لەسەر بنکەکانی تۆمارکردن لە سلێمانی دروست بووە. وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەدەن کە هەر مووچەخۆرێک تا 31ی ئاب ناوی تۆمار نەکات، مووچەکەی رادەگیرێت.
دوای راگەیەندراوە هاوبەشەکەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی خۆتۆمارکردن لە "هەژماری من" خێراییەکی زیاتری بەخۆوە بینیوە. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، تەنیا تا 31ی ئاب کات لەبەردەم مووچەخۆراندا ماوە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە پرۆسەی پێدانی مووچەکانیان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.
رۆژانە بنکەکانی تۆمارکردن پڕن لەو هاووڵاتییانەی کە هێشتا فۆرمی "هەژماری من"یان پڕ نەکردووەتەوە. هاووڵاتییان لە بەیانییەکی زووەوە تاوەکو نیوەڕۆ لە چاوەڕوانیدا دەمێننەوە بۆ ئەوەی لەلایەن تیمەکانی هەژماری منەوە مامەڵەکانیان بۆ راییکرێت.
هۆکاری ئەم قەرەباڵخییە تەنیا بۆ تۆمارکردنی نوێ ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەشێکی زۆری ئەو هاووڵاتییانەشی روویان لە بانکەکان کردووە، ئەو کەسانەن کە کارتە بانکییەکانیان گەڕاوەتەوە و بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان لە سەرەدان.
وەک زانیارییەکان ئاماژەی پێدەدەن، لە مانگی رابردوودا 92%ی فەرمانبەرانی سلێمانی لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار کرابوون، بەڵام دوای هۆشدارییەکەی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە راگرتنی مووچەی ئەو کەسانەی تانیا 31ی ئاب ناوی خۆیان تۆمار ناکەن، رێژەی سەردانیکردنی بنکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
سەبارەت بە رێکاری وەرگرتنەوەی کارتەکان، مووچەخۆران لە رێگەی نامەیەکەوە لە "ڤایبەر" یان "وەتسئاپ" ئاگادار دەکرێنەوە. هەروەها رێگەیەکی دیکە ئەوەیە کە مووچەخۆر سەردانی ئەو بانکە بکات کە پێشتر مووچەی لێ وەرگرتووە، لەوێ رێنمایی دەکرێت کە کارتەکەی لە کام بانک ئامادەیە و دەتوانێت وەریبگرێتەوە.
ئەم فشار و قەرەباڵخییەی ئێستا لە کاتێکدایە، کە لە رابردوودا هەڵمەتێکی چەواشەکاری هەبوو بۆ ساردکردنەوەی هاووڵاتییان لە پرۆژەی "هەژماری من"، بەڵام وەک دەرکەوتووە ئەو کەسانەی داوایان لە خەڵک دەکرد ناوی خۆیان تۆمار نەکەن، خۆیان پێشوەختە ناوی خۆیان تۆمار کردووە و ئەگەر ئەو دەنگۆیانە نەبوایە، ئێستا هاووڵاتییان تووشی ئەم هەموو نارەحەتی و قەرەباڵخییە نەدەبوون لە بەردەم بانکەکاندا.