عێراق و سووریا لەسەر بەکارخستنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس رێککەوتن
واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان سووریا و عێراق بۆ نۆژەنکردنەوە و بەکارهێنانەوەی هێڵی بۆریی "حەدیسە-بانیاس" کە بە هێڵی کەرکووک-بانیاس بەناوبانگە، جارێکی دیکە پرسی گواستنەوەی نەوتی نێوان هەردوو وڵاتی هێناوەتە بەرباس.
ئامانجی واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە نۆژەنکردنەوەی هێڵەکە، کە لەسەرەتای بەکارخستنی هێڵەکە توانای گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیلی هەی لە رۆژێکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دەرفەتە ئابوورییەکانی سووریا و پێگەی وەک تێپەڕگەیەکی گرنگی وزە لە ناوچەکەدا.
هێڵی کەرکووک-بانیاس، رێڕەوێکی ستراتیژیی 70 ساڵە
مێژووی هێڵی گواستنەوەی نەوتی نێوان عێراق و سووریا بۆ ساڵی 1952 دەگەڕێتەوە، کاتێک گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە لە رێگەی خاکی سووریاوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست دەستیپێکرد، کە لەو کاتەوە دەروازەیەکی گرنگی بۆ هەناردەی نەوتی عێراق بەرەو رۆژاوا دابین کردبوو.
بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر گەشەسەندنی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێڵی کەرکووک-بانیاس لە نیسانی ساڵی 1952دا تەواو بوو کە درێژییەکەی 895 کیلۆمەتر بوو، توانای گواستنەوەی ئاسایی ئەو کاتەشی گەیشتبووە 13.5 ملیۆن تۆن نەوت لە ساڵێکدا.
تێچووی دروستکردنی هێڵەکە لەو سەردەمەدا نزیکەی 115 ملیۆن دۆلار بووە، هاوتەریب لەگەڵیدا 23 کۆگای عەمبارکردن بە توانای 575 هەزار تۆن دروستکران، لەگەڵ پێداویستی تەواو لە بەندەری بانیاس بۆ پێشوازیکردن لە هەمان بڕی نەوت لە ساڵێکدا.
دواتر بە هۆکاری سیاسی و ئەمنییەوە کارەکانی ئەم هێڵە چەندین جار راگیران، تا دواجار بەهۆی زیان بەرکەوتنی بەشێکی زۆری هێڵەکە لە کاتی شەڕی عێراق لە ساڵی 2003دا بە تەواوی کارەکانی راگیرا.
گرنگیی ستراتیژیی ئەم رێڕەوە مێژووییە لەوەدابوو کە دەروازەیەکی زیادەی بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست دابین دەکرد، لە هەمان کاتدا رۆڵێکی سەرەکی دەدا بە سووریا لە گواستنەوەی وزەی ناوچەیی لە رێگەی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی تێپەڕین، عەمبارکردن، گواستنەوە و سوودوەرگرتنی راستەوخۆ لە ژێرخانی نەوتی و بەندەری بانیاس.
لە کەرکووکەوە بۆ حەدیسە، وردەکارییەکانی پرۆژە نەوتییە نوێیەکە
عەبدولعەزیم مەغریبەل، توێژەری ئابووری بە ئاژانسی هەواڵی سانای سووریا گوت، ئەو پرۆژەیەی لە واشنتن لەسەری رێککەوتوون، پەیوەندی راستەوخۆی بە نۆژەنکردنەوە و بەکارخستنەوەی هێڵی بۆرییەکانی عێراق-سووریا "حەدیسە-بانیاس"ەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەکەی ئێستا تەنیا چاککردنەوەی هێڵە کۆنەکە نییە، بەڵکو نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و پەرەپێدانی دامەزراوە هاوپێچەکان دەگرێتەوە، کە دواتر لە رێگەی لێکۆڵینەوە تەکنیکی و داراییەکانەوە وردەکارییەکانی دیاری دەکرێن.
لەسەر ئاستی جێبەجێکردن، کۆمپانیای نەوتی سووریا یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرا بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵەکە واژۆ کردووە، هەروەها یاداشتنامەیەکی دیکەی لەگەڵ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا واژۆ کردووە کە چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهانی وەک Chevron و UCC Holding و TI Capital لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە تەکنیکی و داراییەکان و داڕشتنی بنەماکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
بەپێی وەزارەتی وزەی سووریا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئامانجی کارەکانی نۆژەنکردنەوە گەیشتنە بە توانای گواستنەوەی سەرەتایی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا دوای تەواوبوون و خستنەکاری تەواوی پرۆژەکە بەپێی نەخشەسازییە دیاریکراوەکان.
دەستکەوتە ئابووری و ستراتیژییە چاوڕوانکراوەکان بۆ سووریا
ئەو توێژەرە روونیکردەوە، سووریا لە رووی ئابوورییەوە لە چەندین لایەنی گرنگەوە لەم پرۆژەیە سوودمەند دەبێت؛ داهاتی ئابووری دەکرێت لە رێگەی کرێی تێپەڕین، عەمبارکردن، هەناردەکردن و خزمەتگوزارییەکانی بەندەر و پاڵاوگەکانەوە بێت، سەرەڕای راکێشانی وەبەرهێنانە نوێیەکانی سەر بەم پرۆژەیە.
دەشڵێت، داهاتی راستەقینە کە دەچێتە سەر گەنجینەی سووریا، بە وردی بەپێی رێککەوتنە داراییەکان و میکانیزمەکانی دابەشکردنی داهات دیاری دەکرێت کە دواتر لەلایەن لایەنە پەیوەندارەکانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
هەروەها گوتیشی، دووبارە کارپێکردنەوەی هێڵەکە پێگەی ستراتیژیی سووریا وەک وڵاتێکی گرنگی تێپەڕینی نەوت بەهێز دەکات. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە توانای گواستنەوەی دیاریکراو دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زۆر زیاترە لە توانای پێشووتری هێڵەکە، ئەمەش رەنگە پێویستی بە ئەنجامدانی پرۆسەیەکی فراوانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی پێوەندیدار بەم هێڵە بێت.
لێکنزیکبوونەوەی دیمەشق و بەغدا
لای خۆیەوە، محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا جەختی کردەوە، یاداشتنامەی لێکگەیشتنی واژۆکراو لەگەڵ عێراقدا، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دووبارە کارپێکردنەوەی یەکێک لە گرنگترین هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا و بەهێزکردنی پێگەی سووریا وەک تێپەڕگەیەکی هەرێمی وزە کە سەرچاوەکانی ناوچەکە بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە پرۆژەکە کرد و رایگەیاند، نۆژەنکردنەوە و بونیادنانەوەی هێڵی بۆرییەکە لە کارە لەپێشینە گرنگەکانە لە بواری ژێرخاندا و خاوەن گرنگییەکی ستراتیژی دوولایەنە و هەرێمی هاوبەشە.
پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و عێراق لە دوای رزگارکردنی سووریا لە دەستی رژێمی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، گەشەسەندنێکی بەردەوام و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری هاوبەش لە بوارەکانی ئابووری و وزەدا، تا گەیشتن بە لێکگەیشتنەکانی دوایی لەسەر بەکارخستنەوەی رێڕەوی گواستنەوەی نەوتی نێوان هەردوو وڵات.
بەم شێوەیە، پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و زیندووکردنەوەی هێڵی حەدیسە-بانیاس، دەرفەتێکی راستەقینەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لە بواری وزەدا لەنێوان سووریا و عێراقدا، بەڵام بەدەستهێنانی داهاتی کۆتایی و قەبارە و رۆڵی هەرێمیی ئەم پرۆژەیە بەندە بە ئەنجامی لێکۆڵینەوە تەکنیکی و داراییەکان و تەواوکردنی ڕێککەوتنە جێبەجێکارییەکان لەسەر زەوی.