لە بەغدا دەست بەسەر 60 ئۆتۆمبێلی گرانبەها و چەندین شوقەدا گیرا
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا لە عێراق، شەوی رابردوو و بەیانیی ئەمڕۆ، هێزێکی دەستەی دەستپاکی عێراق هەڵیانکوتایە سەر پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازەی بەغدا 'بەوابەت بەغداد' و دەستیان بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و شوقەی گرانبەهادا گرت.
هاوکات هاووڵاتییان لە رێگەی گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەوە، بارکردنی ئۆتۆمبێلەکان بە کرێنی تایبەتی دەستەی دەستپاکی و قوفڵکردنی دەرگای شوقەکانیان بە فەرمی تۆمار کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا؛ لەم هەڵمەتەدا دەست بەسەر 60 ئۆتۆمبێلی گرانبەهادا گیراوە کە پێکهاتوون لە، 40 ئۆتۆمبێلی نیسان پەتڕۆڵی مۆدێل بەرز، 13 ئۆتۆمبێلی لێکسس، 7 جی کلاس و چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکەی جۆری تاهۆ.
سەرباری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان، دەست بەسەر ژمارەیەک شوقەشدا گیراوە کە هێشتا ژمارەی تەواویان روون نییە، بەڵام زۆربەی ئەو شوقانە موڵکی ئەندامانی ئێستا و پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدایە، بەڵام تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هیچ زانیاری و روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ماوەی چەند هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی دژی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حکوومی و حزبی دەستی پێکردووە، کە دەیان کەس دەستگیرکراون و دەیان ملیار دینار و دۆلار و زێڕیش دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەمەش دوای دەستگیرکردنی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان 'عەدنان جومەیلی' هات.