فەڵەستین و سووریا هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەن

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین و کۆماری عەرەبی سووریا لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا، سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، و بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکانیان لەقەڵەمدا.

وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی فەڵەستین رایگەیاند، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکەن کە هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی کۆماری عێراق و دەرچوونە لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات." هەروەها فەڵەستین هاوسۆزی تەواوی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و جەختی لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەی کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر خاکی هەریەکە لە وڵاتانی (کوەیت، عومان، بەحرەین، شانشینی ئوردن و هەرێمی کوردستان).

لە بەیاننامەکەی سووریادا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران لەو هێرشانەدا درۆن و مووشەکی بەکارهێناوە، ئەوەش وەک پێشێلکارییەکی رەهای سەروەریی وڵاتان و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە وەسف کراوە.

سووریا داوای کردووە، رێز لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان بگیرێت و ناوچەکە لە ئاڵۆزی زیاتر بپارێزرێت.