بەرپرسێکی پێشووتری ئێران: جەنگ و دانوستان لە یەککاتدا ئاساییە

مورتەزا موبەلیغ: ناکرێ هەندێ لایەنی ناوخۆ دەهۆڵی شەڕ بکوتن

مورتەزا موبەلیغ، جێگری پێشووتری وەزیری ناوخۆی ئێران لە حکوومەتەکەی محەمەد خاتەمی
مورتەزا موبەلیغ، جێگری پێشووتری وەزیری ناوخۆی ئێران لە حکوومەتەکەی محەمەد خاتەمی

جێگری پێشووتری وەزیری ناوخۆی ئێران لەگەڵ میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئاشکرایکردووە، لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا دوو بۆ چوونی جیاواز هەن، لە کاتێکدا چارەنووسی هەر جەنگێک، دواجار دانووستانە، بۆیە ناکرێ هەندێ لایەنی ناوخۆ دەهۆڵی شەڕ بکوتن. 

مورتەزا موبەلیغ، جێگری پێشووتری وەزیری ناوخۆی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئیرنا، سەبارەت بە "دانوستان و جەنگ" لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت "دواجار هەموو جەنگێک بە دانوستان کۆتایی دێت، تەنانەت ئەو جەنگانەشی کە لایەنێک تێیدا براوە بووە. ئاساییە کە شەر و دانوستان هاوکات بەیەکەوە بن، بەڵام دەرکەت کە ئەمەریکا و رژێمی ئیسرائیل، واز ناهێنن و درێژە بە خراپەکارییەکانیان دەدەن."

بە بڕاوی موبەلیغ، تاران براوەی دانوستانەکانی جنێڤ بووە، ئەمەریکاش بەو شکستەی زانیوە و هەر بۆیە ناوەڕۆکی دانوستانەکەی پێشێلکردووە. دەشڵێت: ئەمەریکا دۆڕاوە، بۆیە واز ناهێنێت. لەبەر ئەوە بڕیاردان و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو راستییە زۆر قورس و ئاڵۆزە؛ پێویستە بڕیارەکان یەکدەست و یەکگرتوو بن و هیچ جۆرە دووبەرەکییەک لە نێو بەرپرسانی دانوستانکار و گۆڕەپانی جەنگدا نەبێت. دەبێ بڕیارەکان ژیرانە و لۆژیکی بن، چونکە دەکرێ هەر هەنگاوێک پووچەڵبوونەوەی دەستدرێژییەکانی لێبکەوێتەوە یان خوانەخواستە بەدەستەوەدانی بیانوو بێت بۆ دەستدرێژی زیاتر. 

جێگری پێشووتری وەزیری ناوخۆی ئێران، سەبارەت بە دانوستانەکان دووپاتیکردەوە: دانوستان کارێکی تەکنیکی و ئاڵۆزە. کەسانێک لە دەرەوە دێنە ناو پرۆسەکە و دەهۆڵی شەڕ دەکوتنو قسەی نابەجێ و جنێو بە دانوستانکاران دەدەن؛ ئەمە دوو بەرەکی لێدەکەوێتەوە و دەبنە بەربەستی بەردەم پرۆسەکە، بۆیە پێویستە کۆنترۆڵ بکرێن. 

ئەو بەرپرسە ئێرانییە سەبارەت بە دۆخی "نە جەنگ، نە ئاشتی" دەڵێت: ئیدارەدانی ئەم دۆخە کارێکی قورسە، چونکە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ ئەم دۆخە درێژە بکێشێت و گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئێران؛ بۆیە دوو خاڵی زۆر گرنگ هەن، یەکەم یەکگرتوویی نێوان دەستەڵاتدارانی سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسی؛ نابێ دووبەرەکی لە نێوانیاندا هەبێت و بڕیاری یەکلایەنە بدەن، یان یەکتر لاواز بکەن. دووەم، پێشگرتنە لە هەڵسوکەوتی سەرەڕۆیانە کە بەداخەوە ئەمڕۆژانە زۆر بووە. هەندێ کەس دەیانەوێ بە هەر بیانوویەک بێت، دووبەرەکی بنێنەوە و کەشی جەنگخوازانەی نالۆژیکی دروست دەکەن. 

دەشڵێت "بەداخەوە نانەوەی درز لە نێوان گۆڕەپانی دیپلۆماسی و جەنگدا، زۆر مەترسیدارە و رەنگە بڕیاردانی هەڵەی لێبکەوێتەوە". 

موبەلیغ لە وەڵامی ئەو پرسەدا کە ئایا نەیارانی دانوستان، هیچ رێگەچارەیەکی جێگرەوەیان هەیە؟ دەڵێت: ئەوان چەند تاقمێکن، دەستەیەکیان ساویلکەن و هیچ وێنایەکی روونیان بۆ چەمکی جەنگ و بەچۆکداهێنانی لایەنی بەرامبەر نییە. دەستەکەی دیکەش ئەو کەسانەن کە بە کۆتاییهاتنی جەنگ، بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە؛ چونکە تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە بارودۆخی جەنگی و ناسەقامگیردایە و تەنیا لەم کەشەدا دەتوانن داهاتی خەیاڵی بەدەستبهێنن و شوێنی ئامانجە تایبەتەکانی خۆیان بکەون.

جێگری پێشووتری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە کابینەکەی محەمەد خاتەمی پێیوایە، "ئەوانەی بێپەروا و بێ رەچاوکردنی هیچ تێبینییەک، ئاگری جەنگ خۆشدەکەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی بە جوێن، سووکایەتی و دووبەرەکی هێرش دەکەنە سەر تیمی دانوستانکار، کێشەکەیان تەنیا شیکاریی سیاسی نییە."

موبەلیغ راشیگەیاند: لە هەفتەکانی رابردوودا دیمەنی ناشرین بینران؛ ئەو کەسانەی کە لە دڵی بڕیاری گشتیی سەرکردایەتیی وڵاتەوە بۆ دانوستان دەستنیشانکرابوون و لە بەرەی دیپلۆماسیدا وەک جەنگاوەرانی مەیدانی جەنگ هەوڵیان دەدا، رووبەڕووی بێڕێزی، تۆمەتی خیانەت و تەنانەت بەردبارانکردنیش بوونەوە. ئەمانە بابەتگەلێکی سادە نین و بە دڵنیاییەوە لایەن و رەوتیان لەپشتەوەیە.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەم بەرپرسەکەی پێشووتری کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: ئاگرخۆشکەرانی جەنگ، میدیا و تواناکانی گشتی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە خراپ بەکاردەهێنن، هەر بۆیە مەترسی و کاریگەریی ئەوان زیاترە و دەبێت زیاتر چاوکراوە بین لە ئاستیاندا.