ئیدارەی ترەمپ رێگە نادات ئیسرائیل بەشداری جەنگ بکات

دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی چڕی کردە سەر بنکەکانی ئێران و لە بەرامبەردا تاران گەرووی هورمزی داخست و ئیسرائیلیش ئامادەباشی تەواوی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک راگەیاند.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، تەلئەڤیڤ خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە، نەک تەنیا بۆ هێرشی مووشەکی و درۆنی راستەوخۆ لە لایەن تارانەوە، بەڵکو بۆ ئەگەری جووڵاندنی گرووپە چەکدارە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، ئیسرائیل پێشنیازی بۆ واشنتن کردووە، بەشداریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بکات، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، دەستوەردانی راستەوخۆی ئیسرائیل لەم جەنگەدا بەندە بە کاردانەوەکانی ئێرانەوە؛ ئەگەر تاران ئیسرائیل بکاتە ئامانج، ئەوا تەلئەڤیڤ بە فەرمی دەچێتە ناو جەنگەوە.

لای خۆیەوە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هەشتەمین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، لەوانە بەرگریی ئاسمانی و بنکەکانی چاودێری کەناراوەکان ئەنجامداوە. ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی لە ئوردن. سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئامانجی هێرشەکان سزادانی سوپای پاسداران و لاوازکردنی توانای ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.

لە لایەکی دیکەوە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، لە پەیامێکی نووسراودا هەڕەشەی توندی لە واشنتن کرد و رایگەیاند؛ وانەیەکی لەبیرنەکراو بە ئەمریکا دەدەن. خامنەیی واژۆی سەرۆک ترەمپی بە بێ بایەخ وەسف کرد، ئەمەش دوای ئەوەی رێککەوتنی کاتیی نێوان هەردوولا کە لە مانگی تەمموزەوە دەستیپێکردبوو، بە تەواوی هەڵوەشایەوە.