رۆبیۆ ستایشی هەوڵەکانی لوبنان دەکات بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی لوبنان، ستایشی ئازایەتی حکوومەتی لوبنانی کرد، لە هەوڵەکانی بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و گێڕانەوەی سەروەریی نیشتمانی، هاوکات پابەندبوونی واشنتنی بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی و بوژانەوەی ئابووری لەو وڵاتەدا دووپاتکردەوە.
یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان لە واشنتن کۆبوونەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پرسی جێبەجێکردنی چوارچێوەی کارکردنی سێقۆڵییان تاوتوێ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەکەدا ستایشی ئازایەتی حکوومەتی لوبنانی کرد لەژێر سەرکردایەتی عۆن، بۆ ئەو کارە بەردەوامانەی کە لە پێناو گێڕانەوەی سەروەریی لوبنان، چەککردنی حزبوڵڵا و تێکدانی ژێرخانە چەکدارییەکەی ئەنجامی دەدەن، بە ئاراستەی هێنانەکایەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مارکۆ رۆبیۆ پابەندبوونی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ سەرکەوتنی چوارچێوەی سێقۆڵی دەربڕیوە، و جەختی لە پاڵپشتی واشنتن کردووەتەوە بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی لوبنان بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئارامی، بووژانەوەی کەرتی ئابووری و دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلی لوبنان.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، پلانێکی نووسراو و تێروتەسەل سەبارەت بە میکانیزمی داماڵینی چەکی حزبوڵڵا دەخاتەڕوو.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای لوبنانییەوە گواستوویەتییەوە کە عۆن بەڵگەنامەیەک پێشکەشی ئیدارەی ئەمریکا دەکات کە تێیدا تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبوڵڵا هاتووە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی لوبنان پێیوایە واشنتن و بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ، ئامرازی کاریگەریان لەبەردەستدایە بۆ ناچارکردنی ئیسرائیل بە پاشەکشەکردنی هێزەکانی لە خاکەکانی باشووری لوبنان.
ئەم سەردانە یەکەم گەشتی فەرمی سەرۆکێکی لوبنانە بۆ واشنتن لە دوای ساڵی 2009ـەوە، کاتێک میشێل سلێمان، سەرۆکی ئەوکات لەلایەن باراک ئۆباماوە پێشوازی لێکرا. نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان رایگەیاندووە، عۆن پلانی هەیە لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ بکات لەسەر بارودۆخی لوبنان، رێگاکانی بەهێزکردنی ئاگربەست و کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی لوبنان کە داگیری کردوون.
لە مانگی نیسانەوە بە سەرپەرشتی ئەمریکا لوبنان و ئیسرائیل دەستیان بە دانوستان کردووە بە ئامانجی کۆتایهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا. لە 26ی حوزەیراندا، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی لە واشنتن، کە تێیدا بڕیاردرا سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان پاشەکشە بکات و سوپای لوبنان لە شوێنی جێگیر ببێت، کە بڕیارە وەک هەنگاوی یەکەم لە دوو ناوچەی تاقیکارییەوە دەستپێبکات.
جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە مەرجدار کراوە بە داماڵینی چەکی گرووپی حزبوڵڵا، کە بە تەواوی رێککەوتنەکە و دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی رەتکردووەتەوە.
لە دوای کۆتا خولی دانوستانەکانی هەفتەی رابردوو لە رۆما، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، ئیسرائیل و لوبنان لەسەر رێنماییەکانی جێبەجێکردنی ناوچە تاقیکارییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن.
گرژییەکان کاتێک دەستیانپێکرد کە حزبوڵڵا لە 2ـی ئازاردا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، ئیسرائیلیش بە هێرشی ئامانجی و زەمینی وەڵامی دایەوە و سەرەڕای ئاگربەست، هێشتا بەشێک لە خاکی باشووری لوبنانی لە ژێر کۆنترۆڵدا هێشتووەتەوە.