هۆشیار زێباری دەستکەوتەکانی سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن بەرز دەنرخێنێت
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و دەڵێت: سەردانەکە هاوبەشییەکی ستراتیژیی نوێ بۆ عێراق دادەمەزرێنێت.
یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بە بۆنەی سەردانە سەرکەوتووەکەی بۆ ئەمریکا، کە ئامانج لێی داڕشتنی هاوبەشییەکی ستراتیژیی بەرهەمدار و کاریگەرە لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و سیاسیدا بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتەکەمان.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، شێوازی پێشوازیی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و واژۆکردنی یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن لە بوارە گرنگەکانی وەک دارایی و وزەدا، لە بەرچاوترین و گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم سەردانە دیپلۆماسییە هەژمار دەکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومیدا گەیشتە واشنتن.
زەیدی لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، ترەمپ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی زەیدی لە بەڕێوەبردنی وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکادا دووپات کردەوە.
هەروەها شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆتایی گەشتەکەی بۆ ئەمریکا راگەیاند و سوپاسی ئیدارەی ترەمپ و گەلی ئەمریکای کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان؛ جەختیشی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و یاداشتانە کردەوە کە لەم سەردانەدا واژۆ کراون و بە سەرەتای قۆناخێکی نوێی "هاوبەشیی ئابووری و گەشانەوە" بۆ عێراق و ناوچەکەی وەسف کردن.