سێنتکۆم: سەربازێکی ئەمریکی لە کوردستان و دوو سەرباز لە ئوردن گیانیان لەدەستدا
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە 18ـی تەمموزدا سەربازێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی درۆنێکی ئێرانی گیانی لە دەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گیانلەدەستدانی دوو سەربازی ئەمریکی و بێسەروشوێنبوونی سەربازێکی دیکەی لە ئوردن راگەیاند، کە ئەمەش بەهۆی هێرشێکی ئێرانییەوە بوو لە 17ـی تەمموزدا.
بە پێی راگەیەنراوەکە، هێزەکانی ئەمریکا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پاشماوەی تەرمی نەناسراویان لە شوێنی رووداوەکە دۆزیوەتەوە، و ئێستا پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و پشکنین بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی تەرمەکان بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم، تەقەمەنیی پاشماوەی درۆنێکی ئێرانی بە سەربازێکی ئەمریکیدا لە هەرێمی کوردستان تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی، هاوکات لە هەمان رووداودا سەربازێکی دیکەی ئەمریکی بریندار بووە و ئێستا چارەسەری پزیشکیی پێویست وەردەگرێت.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەبەر رێزگرتن لە خێزانی سەربازە کوژراو و بێسەروشوێنبووەکان، لە کاتی پڕۆسەی فەرمیی ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیاندا، ئێستادا هیچ زانیارییەکی زیاتر یان ناسنامەی ئەو سەربازانە بڵاوناکاتەوە.