گڵۆپی سەوز بۆ بەردەوامیی جووڵە سەربازییەکانی ترەمپ دژی ئێران هەڵدەکرێت

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پڕۆژەبڕیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە دۆسیەی جەنگی ئێراندا رەت کردەوە.

پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (سێنات)، پڕۆژەبڕیارێکی رەت کردەوە کە ئامانج لێی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی "جەنگ ئێران".

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، پڕۆژەکە لە لایەن دیموکراتەکانەوە پێشکەش کرابوو، بە پێی پرۆژەکە ترەمپ ناچار دەبوو بۆ بڕیاری جەنگ بگەڕێتەوە بۆ سێنات.

ئاژانسەکە ئەوەشی راگەیاند، پرۆژەکە بە 49 دەنگی نەخێر و 47 دەنگی بەڵێ رەت کرایەوە.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی پیران لە کاتێکدایە، پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کردبوو، کە تێیدا داوای لە ترامپ دەکرد هێزەکانی ئەمریکا لە کارە شەڕکەرەکان لەگەڵ ئێران بکشێنێتەوە؛ ئەمەش وەک دووەم هەنگاوی لەو شێوەیە ئەژمار دەکرا کە گوزارشتی لە توندبوونی ناڕەزایەتییەکانی ناو کۆنگرێس دەکرد دژی ئەو جەنگەی کە ماوەی نزیکەی پێنج مانگە لە نێوان واشنتن و تاراندا بەردەوامە.

ئەنجوومەنی نوێنەران لە 3ـی حوزەیرانی رابردوودا، بڕیارێکی پێشووتری سەبارەت بەو جەنگەی بە زۆرینەی 215 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 208 دەنگی نەخێر پەسەند کردبوو، کە یەکەم دەنگدانی سەرکەوتووی ئەو ئەنجوومەنە بوو بۆ سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران.