ترەمپ: ئێرانییەکان دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن، بەڵام هێشتا ئامادە نین
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئیدارەی واشنتن بە هیچ شێوازێک رێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. دەشڵێت:ئێرانییەکان خوازیاری هەوڵێکی دیپلۆماسین؛ بەڵام هێشتا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان ئامادە نین.
پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی چین بڕیارە لە 24ـی ئەیلوولی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ واشنتنی پایتەخت ئەنجام بدات.
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی تیشکی خستە سەر دۆسیەی ئێران و جەختی کردەوە، ئیدارەکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا سەرکەوتووانە هەنگاو دەنێت. دەشڵێت: "ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا ئەنجامی زۆر باشمان بەدەستهێناوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێرانییەکان هیوادارن لە رووی دیپلۆماسییەوە هەنگاوێک بنێن، بەڵام دووپاتی کردەوە کە هێشتا ئەوان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە نین.
ترەمپ بە توندی رایگەیاند: "ئێمە زۆر بە باشی چاودێریی دۆسیەی ئێران دەکەین و بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەین تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی من بەرامبەر ئێران دەیکەم دەبوو سەرۆکەکانی پێشوو بیانکردایە. گوتیشی: 18 سەربازمان لە جەنگی ئێران کوژراون.