ترەمپ باجی نوێ بەسەر 60 وڵاتدا دەسەپێنێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر 60 وڵاتی جیهاندا دەرکرد؛ بڕیارەکە هاوبەشە بازرگانییە گەورەکانی ئەمریکا لە چین و ئەوروپاوە تاوەکو هیندستان دەگرێتەوە و رێژەی باجەکەش لەنێوان 10% بۆ 12.5% دەبێت.

نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە کاتژمێر12:01ی شەوی هەینییەوە، زۆربەی ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە رەوانەی ئەمریکا دەکرێن، رووبەڕووی باجی نوێ دەبنەوە. ئەم بڕیارە 60 هاوبەشی بازرگانی دەگرێتەوە کە 99.4%ی کۆی هاوردەی ئەمریکا پێکدەهێنن.

ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ وەک بەدیلێک دێت دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا دادگای باڵای ئەمریکا رێگری لە بڕیارێکی توندتری سەرۆک کردبوو بۆ سەپاندنی باج. بەرپرسانی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانیان راگەیاند: "سەرۆک رێگە نادات ئامانجە بازرگانییەکانی پەکبخرێن تەنیا لەبەر ئەوەی دادگا یان هەر کۆسپێکی دیکە رێگری لە ئامرازێک دەکەن، بۆیە ئێمە رێگەی دیکە دەدۆزینەوە."

بڕیارە نوێیەکە دوای لێکۆڵینەوەیەکی چەند مانگی دێت لەبارەی بەکارهێنانی "کاری زۆرەملێ" لە بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایانەی هەناردەی ئەمریکا دەکرێن. هەرچەندە باجەکە زۆربەی کاڵاکان دەگرێتەوە، بەڵام هەندێک کەرتی وەک نەوت و گاز، هەروەها ئەو بەرهەمانەی کە لەناوخۆی ئەمریکادا دەستناکەون، لەم باجە بەخشراون.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دژی ئەم بڕیارەی واشنتن دەستیان پێکردووە؛ بەرازیل و ئوسترالیا بڕیارەکەیان بە "ناڕەوا" و "هەڕەمەکی" وەسف کردووە. دۆن فاریل، وەزیری بازرگانی ئوسترالیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی فشار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی باجەکە. لە بەرامبەردا، مەکسیک رایگەیاندووە کە هێشتا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەو بڕە پارەیەدا نابینن کە ئێستا وەک باج دەیدەن.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە توندکردنی رێکارە سنوورییەکان؛ هەفتەی رابردوو کۆشکی سپی رایگەیاند کە باجێکی 50% بەسەر هەندێک کاڵای کەنەدی دەسەپێنێت کە لە مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە ئەم رێکارە نوێیانە لە رووی یاساییەوە بەهێزترن و دەکرێت بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام بن.