گۆتێرێز داوا لە حووسییەکان دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان رابگرن

"بەردەوامیی گرژییەکان لە یەمەن دەرفەتەکانی ئاشتی لاواز دەکەن"

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی توندی دا لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێی گرژییەکانی کرد بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریاوانی.

هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: زۆر نیگەرانم بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و نوێبوونەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی هاتوچۆی دەریاوانی.".

گۆتێرێز دەڵێت: بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە یەمەن دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەرفەتەکانی گەیشتن بە ئاشتی، هاوکات دەرئەنجامی توندی ئابووری، مرۆیی و ژینگەیی لەسەر ئاستی ناوچەکە و دەرەوەی لێدەکەوێتەوە.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێی دۆخەکەی کرد و داوای لە حووسییەکان کرد، کە لە ئەنجامدانی هەر هێرشێکی دیکە یان گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی ئاڵۆزکەر کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان، خۆیان بە دوور بگرن.