ترەمپ: بەشداریکردنی چین و رووسیا لە ململانێکەی ئێراندا دەرەنجامی خراپی دەبێت
سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بە فەرمی بەڵێنیان پێداوە کە بە هیچ شێوازێک چەک و تەقەمەنی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەفرۆشن، هاوکات هۆشداری دا کە هەر جۆرە پێشێلکارییەک لەم بارەیەوە زیانی گەورەی بۆیان دەبێت.
هەینی 24ـی تەممووزی 206، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس) رایگەیاندووە، دوو وڵاتی هێزی سەرەکیی جیهان چین و رووسیا لە پڕچەککردنی ئێران بەشدار نابن.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەماندا لە بەیژینگ، پێی راگەیاندم، وڵاتەکەی لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا چەک بە ئێران نادات و نایفرۆشێت، و ئەم پێشنیاز و بەڵێنەش کۆمپانیا چینییەکانیش دەگرێتەوە." سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، بە تەواوی متمانە بە بەڵێنەکەی سەرۆکی چین دەکات.
سەبارەت بە هەڵوێستی مۆسکۆش، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای جەنگە سەختەکەی ئۆکرانیا، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە فەرمی بەڵێنی پێداوە چەک بە ئێران نەفرۆشێت و نووسیویەتی: "پووتین تێدەگات کە من چەک بە ئۆکرانیا نافرۆشم، بەڵکو دەیفرۆشمە وڵاتانی ناتۆ کە ئەوان پارەی تەواوی چەکەکان دەدەن، و چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو چەکانەش لە دەسەڵاتی مندا نییە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، بە بڕوای ئەو هەردوو دەوڵەتەکە بەشداری لە ململانێ سەربازییەکانی ئێراندا ناکەن، و بە توندی هۆشداری دا کە ئەگەر پێچەوانەی ئەمە بکەن، دەرەنجامی زۆر خراپی بۆیان دەبێت و ئەم هەنگاوەش بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی بەیژینگ و مۆسکۆدا نییە.
دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرۆکی چین بڕیارە لە 24ـی ئەیلوولی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ واشنتنی پایتەخت ئەنجام بدات.