پاکستان بە پاڵپشتیی چین هەوڵی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەدات
سەرچاوە فەرمییەکانی پاکستان ئاشکرای دەکەن ئیسلام ئاباد، بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی چین، دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کردووە بۆ نێوەندگیری و دەستپێکردنەوەی دانوستانە وەستاوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی کۆتایهێنان بە جەنگە پێنج مانگییەکەی نێوانیان.
هەینی 24ـی تەممووزی 2026، سێ سەرچاوەی فەرمیی پاکستان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئیسلام ئاباد، لە چوارچێوەی هەوڵێکدا کە لە لایەن چینەوە پێشنیاز کراوە، خەریکی دۆزینەوەی رێگەیەکە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانە وەستاوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتایهێنان بە جەنگە کە نزیکەی پێنج مانگە بەردەوامە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، یەکەمین گفتوگۆ سەرەتاییەکان لە میانی سەردانی ئەسکەندەر مۆمێنی، وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ ئیسلام ئاباد لەم هەفتەیەدا ئەنجامدراوە، کە ئەمە دووەم سەردانی مۆمێنییە لە ماوەی دە رۆژی رابردوودا بۆ پاکستان.
مۆمێنی، کە بە کەسایەتییەکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) دادەنرێت، لەم سەردانەیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکوومەتی پاکستان و عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوە فەرمییەکان جەخت دەکەنەوە، بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکادا هێشتا زۆر گەورە و قورسن.
هەینی 17ـی تەممووزی 2026، چین و پاکستن نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر پەرەسەندنی گرژییەکان نیشان دابوو و داوایان لە لایەنە شەڕکەرەکان کردبوو "دەستبەجێ کردەوە دوژمنکارییەکان رابگرن و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر دەست پێ بکەنەوە."
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین جەختی کردبووەوە، ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی قۆناخی یەکەم کە لە نێوان واشنتن و تاراندا هاتبووە ئاراوە، "بە زەحمەت بەدەست هاتووە" و بەرهەمی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی رۆڵی گرنگی پاکستان بووە لە نێوەندگیریدا؛ گوتیشی: "ناوەڕۆکی ئەو یاداشتە خزمەت بە بەرژەوەندیی درێژخایەنی هەموو لایەک دەکات و دەبێت وەک دەستکەوتێکی گرنگ بپارێزرێت. ئاشتی لە هەموو کاتێک نزیکترە و نابێت رێگە بدەین لە دەستمان دەربچێت."
چین و پاکستان وەک دوو هاوپەیمانی نزیک دووپاتیان کردەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هاوکار بێت بۆ ئەوەی واشنتن و تاران پابەندی بەڵێنەکانیان بن، چینیش بەڵێنی دابوو کە بە شێوازێکی بنیاتنەر رۆڵ بگێڕێت لە کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکاندا.
رۆژی سێشەممە، 21ی تەممووزی 2026، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە ئیسلام ئاباد دەستپێکرد؛ لە سەرەتادا لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان کۆبووەوە و دواتریش چاوی بە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کەوت، بە ئامانجی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی دیپلۆماسی.
سەرکردایەتیی سیاسیی پاکستان و جەنەراڵ مونیر، کە سەرکردایەتیی سوپا و هێزەکانی بەرگریی ئەو وڵاتە دەکات، پێشتر رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لەو نێوەندگیرییەی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بووە هۆی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا.
واشنتن و تاران لە 17ـی حوزەیرانی 2026دا یادداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، لەوانەش لوبنان، بە شێوازی ئۆنلاین واژۆ کرد.
دواتریش لە 21ـی هەمان مانگ لە شارۆچکەی بێرگنشتۆکی سویسرا، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە ژێر چاودێریی قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا بناخەیەک بۆ دانوستانی تەکنیکیی داهاتوو لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتەکە دانرا.