سی بی ئێس: جەنگی ئێران کۆگاکانی چەکی ئەمریکای بەتاڵ کردووەتەوە
تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی ئاشکرای دەکات, بەکارهێنانی خێرای تەقەمەنی و مووشەکە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە جەنگی دژی ئێراندا، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێو ئیدارەی ترەمپدا بەهۆی کەمبوونەوەی توانای سەربازیی ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی چین لە زەریای هێمندا.
هەینی 24ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی تۆڕی "سی بی ئێس نیوز" (CBS News)، خێرایی لە رادەبەدەری بەکارهێنانی مووشەکە پێشکەوتووەکان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە لایەن ئەمریکاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژییەکی توند لە نێوان سەرکردە فەرمی و سەربازییەکانی ناو ئیدارەی ترەمپدا، بەهۆی مەترسیی دابەزینی ئاستی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە زەریای هێمندا.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، کەمبوونەوەی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت، تاد (THAAD) و مووشەکە دوورهاوێژەکان لە کۆگاکان، بووەتە هۆی فشارێکی قورس لەسەر بڕیاربەدەستدەستانی ئەمریکا بۆ کێشانی هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکانی جەنگی ئێران و گرنگیی مانەوەی ئامادەیی سەربازی دژی چین. لەم نێوەندەشدا، کەرتی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا ناتوانێت بە خێرایی پێویست مووشەکەکان بەرهەم بهێنێتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو چەکانەی کە لە لایەن فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)ەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکار دەهێنرێن.
ئەم سیستەمانە زۆر بەکارهێنراون بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو بەتایبەت کوەیت و بەحرەین کە لە لایەن ئێرانەوە لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە دەکرێنە ئامانج و زیانی گەورە بە وێستگەکانی کارەبا و ئاو لەو وڵاتانە گەیشتووە.
سەرەڕای ئەوەی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێشتر رەتی کردبووەوە کە هیچ قەیرانێکی کۆگا لە سوپادا هەبێت، بەڵام فەرماندەکانی ئەمریکا ئێستا ناچار بوون ستراتیژیی خۆیان بگۆڕن و زیاتر پشت بە بۆمبە کەم مەوداکانی وەک JDام یان بۆمبە جۆری کەم مەوداکانی تر ببەستن لە جیاتی مووشەکە دوورهاوێژە گرانبەهاکانی وەک "تۆماهۆک" و "جاسم" (JASSM).
ساموێل پاپارۆ، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە زەریای هێمن پێشتر بە پەرلەمانتارانی راگەیاندبوو، پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی مووشەکێکی وەک تۆماهۆک رەنگە چەند ساڵێکی پێبچێت.
هەروەها راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) ئاشکرای دەکات کە لە کاتی ئاگربەستدا زیاتر لە 1000 تۆماهۆک و 1100 مووشەکی جاسم بەکارهێنراون کە بۆ گێڕانەوەی ئەم رێژەیە پێویستی بە 4 ساڵ کات هەیە، هاوکات کاتی قەرەبووکردنەوەی سیستەمە بەرگرییەکانی وەک تاد و پاتریۆت بەهۆی قورسی پڕۆسەی پیشەسازییەوە نزیکەی 5 ساڵ دەخایەنێت.
ئەم کەمبوونەوەیە وادەکات پنتاگۆن ناچار بێت کۆگا جێگیرەکانی خۆی لە زەریای هێمن کە بۆ پاراستنی تایوان و بەرپەرچدانەوەی جووڵەکانی چین جێگیری کردبوون، رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
ئێلبریدج کۆڵبی، جێگری وەزیری جەنگ لەم بارەیەوە لە وتارێکدا نووسیویەتی: "مووشەکێک لە ئەوروپا یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنرێت، ناتوانرێت لە ئاسیادا بەکاربهێنرێتەوە،" کە ئەمەش قەبارەی راستەقینەی ئەو مەترسییە دەخاتەڕوو کە بەهۆی درێژەکێشانی جەنگی دژی ئێرانەوە بەرەوڕووی سوپای ئەمریکا دەبێتەوە.