نیویۆرک تایمز: گرووپە چەکدارەکان بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر فڕۆکەکەی ترەمپ

ترەمپ و فڕۆکەکەی (وێنە: AFP)
ترەمپ و فڕۆکەکەی (وێنە: AFP)

سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر فڕۆکە نوێیەکەی، ناچار بوو بە فڕۆکە کۆنەکەی بگەڕێتەوە بۆ واشنتن.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە ئاگادار کرایەوە سەبارەت بە هەبوونی مەترسیی هێرشکردنە سەر فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ناسراو بە "ئێر فۆرس وەن" لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە.

رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل ئەو زانیارییە هەواڵگرییەی داوەتە ئەمریکا سەبارەت بەوەی گرووپە نزیکەکانی ئێران دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر فڕۆکەی سەرۆکایەتی. 

لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەرپرسی ئەمریکا باوەڕیان وایە ئیسرائیل ئەو زانیارییەی پێ گەیاندوون بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانیان دروست بکات و واشنتن جەنگێکی گشتگیر دژی تاران دەست پێ بکاتەوە.

هەروەها باس لەوەش دەکات، دوای زانینی هەڕەشەکە، دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمریکا داوایان لە دۆناڵد ترەمپ کردووە بە فڕۆکە نوێیەکەی سەرۆکایەتی نەگەڕێتەوە بۆ وڵات. ئەو فڕۆکەیە لە جۆری بۆوینگ 747 بووە و لەلایەن ئەمیری قەتەرەوە بە دیاری پێی دراوە، هۆکاری رێگریکردنەکەش بۆ نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە فڕۆکە نوێیەکەدا دەگەڕێتەوە، هەر بۆیە ترەمپ ناچار بوو بە فڕۆکە کۆنەکەی سەرۆکایەتی بگەڕێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە، بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران گرنگ نەبووە سەرۆکی ئەمریکا گەشت بە چ جۆرە فڕۆکەیەک دەکات، بەڵکوو ئەوەی لایان مەبەست بووە تەنیا پێکانی ئامانجەکەیان بووە.

پێشتر ئەمیری قەتەر فڕۆکەیەکی لە جۆری بۆوینگ 747 بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار وەک دیاری بەخشییە کۆشکی سپی تاوەکوو وەک فڕۆکەی سەرۆکایەتی بەکار بهێنرێت. دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەم جار ئەو فڕۆکەیەی بەکار هێنا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بەڵام دواتر دەرکەوت فڕۆکە نوێیەکە سیستەمی بەرپەرچدانەوەی مووشەکی و بەرگریی ئاسمانیی پێویستی تێدا نییە بە بەراورد بە فڕۆکە کۆنەکەی ئێر فۆرس وەن.