پارتی داوای بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی کۆمسیۆن دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە فەرمی داوای لە وەزیری دارایی فیدراڵ کردووە، کە تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆ بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە یاسای بودجەی گشتیدا جێگیر بکات.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی کە ئاڕاستەی وەزیری دارایی عێراقی کردووە، داوای رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بودجەی پێویست دەکات بۆ بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
بەپێی نووسراوە فەرمییەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، کە بە ژمارە (108) لە رێکەوتی 23ـی تەممووزی 2026 دەرچووە، داوا لە وەزیری دارایی کراوە هاوکار بێت لە هاوئاهەنگیکردن و رەزامەندیدان لەسەر زیادکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویست بۆ بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی کارپێکردن (العقود التشغيلية) لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە یاسای بودجەی گشتیدا.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەگرێتەوە کە ماوەی خزمەتکردنیان لە ناو کۆمسیۆندا لە سێ ساڵ زیاترە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە سەرجەم بەڵگەنامە و داواکارییەکانی هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکەدا نێردراون لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و دابینکردنی مافی یاسایی کارمەندەکان.
