کچێک بە تۆمەتی سیخوری لە ناتۆ دەستگیرکرا

وێنە: ژیری دەستکرد
وێنە: ژیری دەستکرد

داواکاری گشتیی فیدراڵیی بەلجیکا رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان هاووڵاتییەکی کەنەدیی بە رەچەڵەک چینییان دەستگیرکردووە کە وەک راهێنراو (ئینتەرن) لە بارەگای ستراتیژیی هێزەکانی ناتۆ لە ئەوروپا کاری دەکرد، بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی "دەوڵەتێکی سێیەم" و بەشداریکردن لە رێکخراوێکی تاوانکاریدا.

شەممە 25ی تەممووزی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی داواکاری گشتیی فیدراڵیی بەلجیکا، پۆلیسی دادی وڵاتەکە کچە راهێنراوێکی پێشووی کەنەدیی بە رەچەڵەک چینی لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا دەستگیر کردووە، کە گومانی سیخوڕیکردنی لێدەکرێت لە ناو باڵی هەواڵگریی هاوپەیمانیی ناتۆدا.

تۆمەتبارەکە لە بارەگای ستراتیژیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەوروپا سەر بە حەلفی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە شاری "مۆنس" لە بەلجیکا وەک کارمەندێکی راهێنراو (ئینتەرن) کاری دەکرد.

داواکاری گشتی فیدراڵی رایگەیاند: "گومان دەکرێت ئەم کچە هاوکاری و سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتێکی سێیەم کردبێت و هاوکات بەشدار بووبێت لە چالاکیی رێکخراوێکی تاوانکاریدا."

لێکۆڵینەوەکان پاش ئەوە دەستیان پێکرد کە جووڵە و رەفتارەکانی تۆمەتبارەکە بووە مایەی سەرنجی ئاژانسی ئەمنیی بارەگای ناتۆ و ئەوانیش لایەنی ئەمنی و فەرمانگەی گشتیی هەواڵگری و ئاسایشی بەلجیکایان لەم گومانانە ئاگادار کردەوە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر جۆری زانیارییە دزراوەکان ئاشکرا بکەن.

دوای وەرگرتنی دۆسیەکە لە لایەن داواکاری گشتیی فیدراڵییەوە، لێکۆڵینەوەکان سپێردران بە پۆلیسی دادی فیدراڵی لە شاری شارلەروا، کە رۆژی پێنجشەممە بە فەرمی ماڵ و شوێنی کاری تۆمەتبارەکەیان پشکنیوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامە و کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی.