ترەمپ هەڕەشەی فراوانکردنی جەنگی ئێران دەکات
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر واشنتن 100%ـی خواستەکانی خۆی لە تاران بەدەست نەهێنێت، بە تەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگی گشتگیر، هاوڕێ لەگەڵ ناردنی پەیامێک بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کە تێیدا دەڵێت ئەوان بە بوونی ئەو وەک دۆستی خۆیان بەختەوەرن.
شەممە 25ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کەناڵی فەرەنسی "(La Chaîne Info)، بە توندی هەڕەشەی نوێکردنەوەی جەنگی راستەوخۆ و گشتگیری دژی ئێران کردەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ترەمپ بیر لە دەستپێکردنەوەی جەنگێکی هەمەلایەنە دەکات دژی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەگەر 100%ی ئەوەی کە دەمانەوێت بەدەستی نەهێنین، بەڵێ، بە تەواوی بیر لە جەنگ دەکەینەوە."
کاتێک رۆژنامەنووسەکە پرسیاری لێکرد ئایا هیچ پەیامێکی بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی هەیە لەم دۆخەدا، ترەمپ ئاماژەی دا، "ئەوان بەختەوەرن کە من وەک هاوڕێی ئەوان لە تەنیشتیان وەستاوم."
هەر ئەمڕۆ شەممە؛ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی داوە هیچ هێرشێکی نوێ نەکەنە سەر ئێران، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت بۆ ماوەی 13 رۆژی ڕابردوو، ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە هێرشی دەکردە سەر ئامانجە ئێرانییەکان.