مایک واڵتز: ترەمپ دەرفەتێکی سنوورداری دیپلۆماسی داوەتە ئێران

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کۆگا سەربازییەکانی وڵاتەکەی پڕن و سوپا هەموو توانایەکی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران؛ ئاشکرای کرد، ترەمپ بڕیاریداوە "دەرفەتێکی سنووردار" بە پرۆسەی دیپلۆماسی ببات، بەڵام هۆشداریشی دا ئەگەر تاران بە جددی نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ، رووبەڕووی دەرەنجامی زۆر قورس دەبێتەوە.

یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026، مایک واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بوونی هەر جۆرە قەیرانێکی کەمبوونەوەی کۆگا سەربازییەکانی ئەمریکای رەتکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان سەرجەم پێداویستییە سەربازییەکانیان لەبەردەستدایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا راستە پێنتاگۆن بەهۆی دابەزینی چەک و مووشەکەکانەوە کە لە جەنگی ئۆکرانیا و هێرشەکانی حووسی لە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ژێر ئیدارەی پێشوودا وویداوە، هێرشە گەورەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە، واڵتز گوتی: "پێویستە لێرەدا کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە؛ پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ کۆگایەکی چۆڵکراوی لە ژێر ئیدارەی پێشووی جۆ بایدن بە میرات وەرگرت، بەڵام من دەمەوێت بە روونی بڵێم: سوپای ئەمریکا هەموو کەرەستەیەکی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ پەکخستنی تواناکانی ئێران بە سەرکەوتوویی، و ئەوانەی زانیاریی ناڕاست لەم بارەیەوە دزە پێ دەکەن پێویستە لە زینداندا بن."

بۆ پرسی راگرتنی هێرشەکان لەم چەند رۆژەدا، واڵتز گوتی: "من ئامۆژگاری ئێران دەکەم کە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر بە جددی وەربگرێت، چونکە سوپای ئەمریکا ئامادەیە و بگرە هێزی زیاتریش رەوانەی ناوچەکە کراوە."

واڵتز روونیکردەوە، ترەمپ بڕیاری پاشەکشەی نەداوە، بەڵکو دەیەوێت بەم هەنگاوە دەرفەت بە پڕۆسەی دیپلۆماسی بدات، و هاوکات رایگەیاند: "گفتوگۆکان لە سەرجەم ئاستە کارگێڕی و باڵاکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامن، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ئێران لە ناوخۆدا دابەشبووە؛ هەندێکیان دەیانەوێت پەیڕەوی لە بڕیارەکانی ڕێبەری باڵا بکەن و هەندێکی تریان دەیانەوێت بە ئاراستەیەکی تردا بڕۆن، کە ئەمەش پڕۆسە دیپلۆماسییەکەی قورس کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."

هەروەها مایک واڵتز، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیووز" رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە "دەرفەتێکی سنووردار" بە پرۆسەی دانوستان و گفتوگۆکان بدات لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

واڵتز لەم بارەیەوە روونیکردەوە: "ئەم بڕیارە دەرفەتی هەناسەدان بە دانوستانەکان دەبەخشێت، و شانسێکی تاقیکاریی سنوورداریان پێدەدات."

دوێنێ بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ، سەبارەت بەم بارودۆخە ئارامە بە رۆیتەرزی رایگەیاند، ترەمپ هەمیشە پێشوازی لە رێڕەوی دیپلۆماسی دەکات وەک بژاردەی یەکەم، بەڵام بە روونی بە ئێرانی راگەیاندووە کە ئەگەر بە جددی نەیەنە سەر مێزی گفتوگۆ، رووبەڕووی دەرەنجامی زۆر قورس دەبنەوە.