میدیای ئیسرائیلی: ناتانیاهۆ زانیاریی دەگمەن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەداتە ترەمپ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرەو واشنتن بەڕێکەوت بۆ ئەنجامدانی هەشتەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ. بەپێی راپۆرتە ئیسرائیلییەکان، ناتانیاهۆ زانیاریی هەواڵگریی زۆر نوێ لەسەر پێشکەوتنەکانی ئێران بەرەو بۆمبی ئەتۆمی دەخاتە بەردەم ترەمپ؛ هاوکات جەخت لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دەکاتەوە، دژایەتی بۆ پاشەکشەی هێزەکانیان لە سووریا و لوبنان دەردەبڕێت و داوا دەکات رێگری لە فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا بکرێت.

دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشتی واشنتنی دەکات.

ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، ئەمە هەشتەمین کۆبوونەوەی نێوان ئەو و سەرۆکی ئەمریکا دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، کە ئەمەش زۆرترین رێژەی کۆبوونەوەیە بەراورد بە هەر سەرکردەیەکی تری نێودەوڵەتی لە جیهاندا. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "ئەم کۆبوونەوەیە شانازییەکی گەورەیە و هاوکات بەرپرسیارێتییەکی قورسیشە لەسەر شانمان."

سەبارەت بە کارنامەی کۆبوونەوەکە، ناتانیاهۆ نووسیویەتی: "ئێمە گفتوگۆ لەسەر سەرجەم پرسە گرنگەکانی سەر مێزەکە دەکەین، کە دۆسیەی ئێران لە پێشەنگیاندا دەبێت. ئامانجمان تەواو روونە؛ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، بەهێزکردنی تواناکانمان و فراوانکردنی بازنەی ئاشتی لە دەوروبەرماندا."

جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیارە لەم گەشتەیدا دوایین رێز و پێزانینی خۆی ئاراستەی سیناتۆری کۆچکردووی ئەمریکا، لیندزی گراهام بکات، کە بە یەکێک لە باشترین و نزیکترین هاوڕێکانی ئیسرائیل لە مێژوودا وەسفی کرد. ناتانیاهۆ لە کۆتاییدا متمانەی خۆی بە سەرکەوتنی ئەم گەشتە و بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەربڕی.

هاوکات بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناتانیاهۆ، لە گەشتەکەیدا بۆ واشنتن کۆمەڵێک زانیاریی قورس و پێشینەی هەستیاری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە تاوەکو پێشکەشی سەرۆکی ئەمریکای بکات.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ناتانیاهۆ "زانیاریی هەواڵگریی زۆر نوێ و دەگمەن" دەخاتە بەردەم ترەمپ کە چڕبوونەتەوە لەسەر پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی ئێران بەرەو بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

هاوکات لەگەڵ ئەم دۆسییەدا، ناتانیاهۆ دژایەتی توندی ئیسرائیل بەرامبەر بە داواکارییەکەی ئەمریکا بۆ پاشەکشەی هێزەکانیان لە سووریا و لوبنان دەردەبڕێت، و داواکارییەکی تریش پێشکەش بە ترەمپ دەکات کە بریتی دەبێت لە داواکاری بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35 بە دەوڵەتی تورکیا.

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی لەم بارەیەوە بڵاویکردەوە، کە ئەم سەردانەی ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا لە ژێر چاودێری و پاراستنی ئەمنیی توند و بە شێوازێکی بە تەواوی نهێنی و بێپێشینە جێبەجێ کراوە. نووسینگەی سەرۆکوەزیران تەنیا کاژێر و نیوێک دوای فڕینی فڕۆکەکە بەیاننامەیەکی فەرمیی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە، و ناتانیاهۆ تێیدا کاتی سەردانەکەی بە دۆخێکی "زۆر ئاڵۆز و هەستیار" وەسف کرد.