ترەمپ: لەگەڵ ئێران لە دانوستانێکی چڕ داین
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند, هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێرانی راگرتووە بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بە دانوستانەکان بە سەرپەرشتی وڵاتانی نێوەندگیر، بەڵام بە توندی هۆشداری دا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سەرکەوتوو نەبن، ئەوا گورزی سەربازیی زۆر توندتر دەستپێدەکەنەوە.
دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەکسیۆس ، پشتڕاستی کردەوە، بڕیاری راگرتنی کاتیی هێرشەکانی ئەمریکا دژی تاران بە مەبەستی پێدانی دەرفەتێکی تاقیکاری بووە بە رێڕەوی دیپلۆماسی.
ترەمپ رایگەیاند: "گفتوگۆیەکی زۆر قووڵمان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ئەگەر سەرکەوتوو نەبین، ئەوا راستەوخۆ دەگەڕێینەوە بۆ ئەنجامدانی لێدانی سەربازیی زۆر بەهێز." کاتێک پرسیاری لێکرا چەند کات دەدات بەم هەوڵانە، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی دایەوە: "کاتێکی زۆر نا. یاخود کارەکە بە خێرایی دەڕواتە پێش، یانیش هەر روونادات."
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە بڕیاری راگرتنی بۆردوومانەکان لە رۆژی هەینی دوای داواکاری فەرمیی وڵاتانی نێوەندگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بووە، و گوتی: "سەرجەم لایەنە تێوەگلاوەکان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا داوایان لێکردم: 'تەقە مەکە'،" و ئاماژەی بەوەش کرد، پێی وایە ئێرانییەکان خۆیان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
دانوستانە نێودەوڵەتییەکان سەرنج دەخەنە سەر گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی گفتوگۆی گشتگیر لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی، کە بە شێوازێکی سەرەکی لە نێوان عومان و ئێراندا بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی چاڵاکانەی قەتەر، پاکستان، میسر و نێردراوەکانی ترەمپ لەوانە ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر.
ترەمپ بۆچوونی خۆی لەسەر پەسەندکردنی ئەم بڕیارە دەربڕی و گوتی: "هیچ شتێکمان بۆ بەدەستهێنان و هیچمان بۆ لەدەستدان نەبوو بە قبووڵکردنی داوای نێوەندگیرەکان." ئاماژەی بە دەرەنجامە ئابوورییەکانی بڕیارەکە دا و گوتی: لە دوای راگرتنی هێرشەکان، بەهای نەوتی جیهانی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و بازاڕی پشکەکانی ئەمریکاش گەشەی کردووە.