سۆمۆ: داهاتی نەوتی خاوی عێراق زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بووە
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق 'سۆمۆ' داتای نوێی سەبارەت بە هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەكەی بۆ مانگەكانی ئایار و حوزەیرانی رابردووی بڵاوكردەوە.
بەپێی ئامارەكانی کۆمپانیای سۆمۆ، بڕی گشتی هەناردەكردنی نەوتی خاو لەو دوو مانگە گەیشتووەتە 32 ملیۆن و 114 هەزار و 677 بەرمیل.
سۆمۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، داهاتی بەدەستهاتووی ئەو نەوتەی هەناردە کراوە، بۆ هەردوو مانگەكە گەیشتووەتە دوو ملیار و 335 ملیۆن و 537 هەزار و 399 دۆلار و 73 سەنت.
لە راپۆرتەكەی سۆمۆدا هاتووە، 20 ملیۆن و 238 هەزار و 896 بەرمیل نەوتی بەسرە هەناردە کراوە، هەروەها نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان كە لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەكراوە، ملیۆنێک و 564 هەزار و 625 بەرمیل بووە.
کۆمپانیاکە باسی لەوەشکردووە، نەوتی خاوی كەركووك كە ئەمیش لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەكراوە، بڕەکەی 10 ملیۆن و 311 هەزار و 216 بەرمیل بووە.
ئەم داتایانە دوای كەمبوونەوەیەكی بەرچاو لە هەناردەكردنی نەوت بەهۆی ناكۆكییەكان و كێشە لۆجیستییەكانەوە دێت، شارەزایانی ئابووری چاوەڕوانن زیادبوونی هەناردەكردنی نەوت یارمەتیدەری زیادكردنی داهاتی عێراق و جێگیركردنی ئابووری وڵات بێت.