زەیدی: هەوڵ بۆ بونیاتنانی هاوبەشییەکی ئابووریی کاریگەر لەگەڵ تورکیا دەدەین
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا، لەسەر رێکخستنی کۆبوونەوەکانی لیژنەی هەمیشەیی تایبەت بە دۆسیەی ئاو رێککەوتن، هاوکات ئەنقەرە ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە کەرتی فڕۆکەوانی نیشان دا.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجام دا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە "زەیدی و ئەردۆغان سەرپەرشتیی گفتوگۆ هاوبەش و فراوانەکانیان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ئەنقەرە کرد؛ هەردوولا باسیان لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان کرد، لەگەڵ دۆسیەکانی پەیوەست بە کەرتی نەوت، ئاو، وزە، ئاسایش، بازرگانی، گواستنەوە و پەروەردە، بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش و گەشەپێدانی پڕۆژەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا."
هەر بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر رێکخستنی کۆبوونەوەکانی لیژنەی هەمیشەیی تایبەت بە دۆسیەی ئاو، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە گەشەپێدانی هاوکاریی دوو لایەنە لەم بوارەدا.
زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "عێراق و تورکیا هاوبەشن لە رووی جوگرافی و شارستانییەوە و، حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات هاوبەشییەکی ئابووریی کاریگەر بنیات بنێت."
زەیدی، پێشوەچوونی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان نیشان دا و ئارەزووی بەغدای خستە ڕوو بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی ناو عێراقدا.
لای خۆشییەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، جەختی لە گەشەسەندنی ئیرادەی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە کەرتی فڕۆکەوانی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان ڕاگەیاند، هاوشان لەگەڵ هاندانی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی گەشەپێدان لە ناو عێراقدا.