ناتانیاهۆ: یەکێک لە باشترین گفتوگۆکانم لە مێژوودا لەگەڵ ترەمپ کرد

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتووی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ئەنجامداوە، کە تێیدا رێککەوتوون لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش بۆ رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتووی هەبووە.

ناتانیاهۆ گوتی: گفتوگۆیەکی هاوبەشی تەواومان ئەنجامدا بە پشتگیریی دوولایەنە و تێگەیشتنی قووڵ لەسەر ئامانجی هاوبەشمان بۆ رێگریکردن لەوەی کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوشانی چەندین ئامانجی دیکەی گرنگ." ئەو ئەم کۆبوونەوەیەی لەگەڵ ترەمپ بە یەکێک لە باشترین گفتوگۆکانی خۆی لە مێژوودا وەسف کرد.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، لەم کۆبوونەوەیەدا سەرجەم شاندی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل بەشدار بوون، کە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئاڵۆگۆڕی بیرۆکەکان و رێکخستنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان کە زۆر پێویستن بۆ ئاسایش و داهاتووی دەوڵەتی ئیسرائیل.

ناتانیاهۆ رایگەیاند، پاش جێهێشتنی کۆشکی سپی، لەگەڵ سارەی هاوسەری بەرەو مەراسیمی پرسە و رێزلێنان لە سیناتۆری کۆچکردووی کۆمارییەکان، لیندزی گراهام بەڕێدەکەون، و جەختی کردەوە، بەشداریکردنی لەم مەراسیمەدا نوێنەرایەتی پێزانین و هاوسۆزیی سەرجەم هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکات بەرامبەر بەم دۆستە دێرینەی گەلەکەیان.

دوێنێ دووشەممە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار راپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، ناتانیاهۆ، لە گەشتەکەیدا بۆ واشنتن کۆمەڵێک زانیاریی قورس و پێشینەی هەستیاری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە تاوەکو پێشکەشی سەرۆکی ئەمریکای بکات.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردبوو، ناتانیاهۆ "زانیاریی هەواڵگریی زۆر نوێ و دەگمەن" دەخاتە بەردەم ترەمپ کە چڕبوونەتەوە لەسەر پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی ئێران بەرەو بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، هاوکات لەگەڵ ئەم دۆسییەدا، ناتانیاهۆ دژایەتی توندی ئیسرائیل بەرامبەر بە داواکارییەکەی ئەمریکا بۆ پاشەکشەی هێزەکانیان لە سووریا و لوبنان دەردەبڕێت، و داواکارییەکی تریش پێشکەش بە ترەمپ دەکات کە بریتی دەبێت لە داواکاری بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-35 بە دەوڵەتی تورکیا.

هەروەها رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی لەم بارەیەوە بڵاوی کردبووەوە، کە ئەم سەردانەی ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا لە ژێر چاودێری و پاراستنی ئەمنیی توند و بە شێوازێکی بە تەواوی نهێنی و بێپێشینە جێبەجێ کراوە. نووسینگەی سەرۆکوەزیران تەنیا کاژێر و نیوێک دوای فڕینی فڕۆکەکە بەیاننامەیەکی فەرمیی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە، و ناتانیاهۆ تێیدا کاتی سەردانەکەی بە دۆخێکی "زۆر ئاڵۆز و هەستیار" وەسف کرد.

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی داوە، پێشتر پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ لە کاتی دانوستانەکانی پێشووی ئاگربەست لەگەڵ ئێراندا لە مانگی نیساندا گرژییەکی توندی بەخۆوە بینیبوو، کاتێک ترەمپ لێدوانی توندی دژی ناتانیاهۆ دابوو و دواتر وەک "پیاوێکی زۆر قورس" وەسفی کردبوو، بەڵام ناتانیاهۆ لای خۆیەوە ئەم ناڕەزایەتییانەی بە "جیاوازیی تاکتیکی لە سەر ڕێکارەکان" ناوبرد، و جەختی کردەوە ئامانجە ستراتیژییەکانیان بەرامبەر بە تاران تەواو یەکگرتوو و هاوبەشن.

هەروەها دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەم گەشتە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، بە تایبەتی لە ژێر هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران و گرتنی رێڕەوی گەرووی هورمز. هەروەها یۆناتان فێرمان، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی عیبری لە ئۆرشەلیم ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکی لەم دیدارە نیشاندانی متمانەی پتەوی نێوان هەردوولایە بە جیهان و بە تایبەت بە ئێران و حزبوڵڵا لە لوبنان، تاوەکو بزانن هیچ جۆرە پێشێلکاری یان ناڕەزایەتییەکی قووڵ لە نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا نییە.