پێشێلکارییەکی روونە؛ ئێران سەرکۆنەی هێرشی سعوودیە بۆ سەر عێراق دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر عێراق و شوێنی زیارەتکاران سەرکۆنە دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم هێرشانە هەوڵێکن بۆ فراوانکردنی مەودای جەنگ لە ناوچەکەدا.

رۆژی چوارشەممە، 29ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر چەند ناوچەیەکی عێراق، لەوانە دامەزراوە و بنکە فەرمییەکانی دەوڵەت و شوێنی حەوانەوەی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، کە بە گوتەی تاران لەلایەن ئەمریکا و سعوودیەوە ئەنجامدراون.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: "ئەم هێرشانە بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی عێراقە، هەروەها پێشێلکردنی بەندی چوارەمی لە ماددەی 2ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەما سەرەکییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە." تاران پێی وایە ئەم هەنگاوانە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە بۆ تێکدانی سەقامگیریی رۆژئاوای ئاسیا.

هەروەها ئێران هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ حکوومەت و گەلی عێراق دەربڕی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە کرد کە لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بەرپرسیارن لە هەر دەرەنجامێکی مەترسیدار کە بەهۆی ئەم "کردەوە نامرۆڤانانە" بێتە ئاراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعوودیە زنجیرەیەک هێرشی وردیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەک لە رۆژهەڵاتی عێراق کە سەر بەو گرووپە چەکدارانەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.