بەهۆکاری دەرکەوتنی لەگەڵ ناتانیاهۆ سەرۆکی بانکی SGBLـی لوبنان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت

داواکاری گشتی لوبنان، دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی راسپارد بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی وێنەیەک، کە تیایدا ئەنتۆن سەحناوی، بانکداری ناسراوی لوبنانی، لە تەنیشت بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی ژەمە خوانێکی ئێوارە لە واشنتن دەرکەوتووە.

چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بەپێی سەرچاوە دادوەرییەکانی لوبنان، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت لوبنان و ئیسرائیل لە رووی دیپلۆماسییەوە لە دۆخی خراپدان و پەیوەندییەکیان باش نییە، هەربۆیە یاسای لوبنانی بە توندی سزای هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل دەدات و سزاکەی دەگاتە زیندانیکردن، پێشتریش چەندین کەس بە تۆمەتی مامەڵەکردن یان سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیرکراون.

وێنەکەی ئەنتۆن سەحناوی لە لایەن باراک رافید، پەیامنێری ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە و لە ناوخۆی لوبنان کاردانەوە و رەخنەیەکی توندی لێکەوتووەتەوە، لە وێنەکەدا سەحناوی لەسەر هەمان مێزی ناتانیاهۆ و هاوسەرەکەی دانیشتووە، رافید ئاماژەی بەوە کردووە، سەحناوی خۆی رێکخەری ئەم ژەمە ئێوارەیە بووە کە بۆ یادکردنەوەی سیناتۆری کۆچکردووی ئەمریکی لیندزی گراهام سازکرابوو.

سەرچاوەیەکی دادوەری رایگەیاندووە، دادوەر ئەحمەد رامی حاج، جێگری داواکاری گشتی، هۆبەی زانیاری راسپاردووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی وێنەکە راستییە یان دەستکاری کراوە، تاوەکو رێکاری یاسایی پێویست لە رۆشنایی ئەنجامەکاندا بگیرێتە بەر، هاوکات، ناتانیاهۆ لە هەژماری فەرمی خۆی کۆمەڵێک وێنەی ئەو ئێوارەیەی بڵاوکردووەتەوە کە لە یەکێکیاندا سەحناوی لە پشتییەوە وەستاوە.

لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک پارێزەری لوبنانی سکاڵای فەرمییان پێشکەش بە داواکاری گشتی کردووە و داوای دەستگیرکردنی سەحناوییان کردووە بە تۆمەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ دوژمن، لەمبارەیەوە واسف حەرەکە، پارێزەر و چالاکوانی لوبنانی، رایگەیاند سکاڵایەکی کەسی دژی سەحناوی تۆمارکردووە و جەختی کردەوە، ئەم دۆسیەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی بوێرانە و شەفاف هەیە، دوور لە هەر پارێزبەندییەکی سیاسی یان دارایی.

ئەمە یەکەمجار نییە ناوی ئەنتۆن سەحناوی لەگەڵ بابەتە هەستیارەکاندا دەبەسترێتەوە، لە مانگی نیسانی رابردوودا، مۆرگان ئۆرتاگۆس، نێردەی پێشووی ئەمریکا، لە ڤیدیۆیەکدا رایگەیاندبوو، سەحناوی هاوکاری دارایی پێشکەش بە مۆزەخانەی هۆلۆکۆست لە ئەمریکا کردووە و بە مەسیحییەکی سەهیۆنیست ناوی بردبوو. 

ئۆرتاگۆس ئەو کات بە گاڵتەجاڕییەوە گوتبووی: "ئەو کارانەی ئەنتۆن دەیکات لە لوبنان بە نایاسایی دادەنرێت بەهۆی یاسا بێماناکانەوە".

ئەنتۆن سەحناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی بانکی "SGBL"ە، کە یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی لوبنان، ناوبراو لەلایەن چەندین لایەنەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی رۆڵی هەبووە لە داڕمانی ئابووری لوبنان لە ساڵی 2019ـدا، هەروەها لە فەرەنسا رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بووەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی نایاسایی سەرمایە بۆ دەرەوەی وڵات لە کاتی تەنگژە داراییەکەی لوبناندا.