گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ گەمارۆدانی دارایی تاران، سزای نوێی بەسەر 10 کۆمپانیا (کە 6یان بنکەکانیان لە چینە) و 8 کەشتیی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئێراندا سەپاند، بە ئامانجی رێگریکردن لە بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی داهات بۆ ئێران.

چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا، زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر چەندین قەوارە و کەشتیی پەیوەندیدار بە ئێراندا سەپاند، کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو کۆمپانیایانە دەکەنە ئامانج کە هاوکاریی تاران دەکەن بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزاکان 10 کۆمپانیا و 8 کەشتیی نەوتهەڵگری گرنگ دەگرنەوە. لە نێو کۆمپانیا سزادراوەکاندا، 6 کۆمپانیا بنکەکانیان لە خاکی چیندایە و پەیوەندیی راستەوخۆیان بە ئاسانکاریی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا و نەوتی ئێرانەوە هەیە.

گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە کۆمەڵێک رێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لەوەی ئێران گەرووی هورمز وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی داهات و پاڵپشتیکردنی ئابوورییە داڕماوەکەی بقۆزێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، سزاکان دوو کۆمپانیای سەرەکی دەگرنەوە کە رۆڵێکی تەوەرەیی دەگێڕن لە پلانێکی نایاساییدا کە کەشتییە بازرگانییەکان ناچار دەکات بیمەی دەریایی زۆرەملێ بکڕن بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن.

لای خۆیەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوەکەدا رایگەیاند: ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئێران بازرگانیی جیهانی بە بارمتە بگرێت، یان کەشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی دارایی توندوتیژی و چالاکییەکانی سوپای پاسداران بەکار بهێنێت."

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بە دۆخی نالەباری ناوخۆیی ئێران کرد و روونی کردەوە، ئێران ئێستا بەهۆی داڕمانی توندی کەرتی ئابووری و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ زیاتر لە 100% بە توندی پێویستی بە نەختینە و پارەی کاش هەیە؛ ئەمەش وای لێکردووە پەنا بۆ ئەم جۆرە شێوازە نایاساییانە ببات لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام واشنتن لە rێگەی چاودێریکردنی وردی داراییەوە سەرجەم ئەو هەوڵانە پووچەڵ دەکاتەوە.