سێنتکۆم: سوپای پاسداران ناتوانێت رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا دیاری بکات
سێنتکۆم: هاوکاریی تێپەڕبوونی 1,000 کەشتی و 500 ملیۆن بەرمیل نەوتمان لە گەرووی هورمز کردووە
سێنتکۆم بانگەشەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی سەبارەت بە سەپاندنی مەرج و رێڕەوی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە گەرووەکە رێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و ئێران هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی بەسەرییەوە نییە.
چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، بۆ رەتکردنەوەی بانگەشە بەردەوامەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) سەبارەت بە دیاریکردنی مەرج و ڕێڕەوی تێپەڕبوونی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان بە ناو گەرووی هورمزدا.
سێنتکۆم رایگەیاند: "سوپای پاسدارانی ئێران پاش هەڕەشە و هەوڵەکانی ئەم دواییەی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە مەدەنییەکان و کەشتیوانانی بێتاوان لە گەرووی هورمزدا، بەردەوامە لە گەیاندنی ئەو بانگەشە ناڕاستەی کە دەڵێت دەبێت سەرجەم کەشتیوانە نێودەوڵەتییەکان تەنیا ئەو رێڕەوانە بەکاربهێنن کە سوپا دەیانەوێت."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی گشتی و نێودەوڵەتییە و سوپای پاسدارانی ئێران هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی یاسایی نییە بۆ سەپاندنی مەرج لەبەردەم ئازادیی هاتوچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا.
سێنتکۆم ئاشکرای کرد، کەشتییە بازرگانییەکان لە ژێر پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکادا بەردەوامن لە هاتوچۆ، و لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، هێزەکانی سێنتکۆم یارمەتی تێپەڕبوونی نزیکەی 1,000 کەشتیی جیاواز و 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان داوە بە ناو گەرووە تەسکەکەدا بە سەلامەتی.