ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ و ترەمپ سێ بژاردەیان بەرامبەر ئێران تاوتوێ کرد

بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆشکی سپی پێشنیازی لێدانی سەربازیی ئێرانی داوەتە دۆناڵد ترەمپ و ئاماژەی بە سێ بژاردە کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاران. ناتانیاهۆ ئاشکراشی کرد کە ئیسرائیل دەیەوێت لە 10 ساڵی داهاتوودا هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بگەیەنێتە سفر و سەربەخۆیانە فڕۆکەی جەنگی بەرهەم بێنێت.

چوارشەممە 29ـی تەممووزی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان، پرس و تەوەرە سەرەکییەکانی دیداری راستەوخۆی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە لە کۆشکی سپی بۆ ئەکسیۆس ئاشکرا کرد.

بەپێی سەرچاوەکە، پرسی ئێران سەرنجی سەرەکیی گفتوگۆکان بووە و تێیدا ناتانیاهۆ پێشنیازی لێدانی گورزی سەربازی و ئابووریی "راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ"ی کردووە دژی تاران، لەوانەش بەردەوامبوونی گەمارۆ دەریاییەکان. چەند کاژێرێک دوای کۆبوونەوەکە، ئێران هێرشێکی نوێی مووشەکی کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن کە یەکەم هێرش بوو لە دوای راگرتنی کاتیی بۆردوومانەکانی ئەمریکا لە رۆژی هەینیدا، و ترەمپیش لە بەرامبەردا بەڵێنی وەڵامدانەوەی زۆر توندی داوە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ناتانیاهۆ و ترەمپ سێ بژاردەی سەرەکییان تاوتوێ کردووە

بژاردەی یەکەم؛ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی، کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەرەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام کێشە و جیاوازییەکان هێشتا زۆر گەورەن و ناتانیاهۆ بە تەواوی گومانی لە توانای گەیشتن بە رێککەوتن دەربڕیوە.

بژاردەی دووەم؛ بەردەوامبوونی گەمارۆ دەریاییەکان و چڕکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان.

بژاردەی سێیەم؛ دەستپێکردنەوە و چڕکردنەوەی بۆردوومانە سەربازییەکان بۆ سەر بنکەکانی تاران.

ناتانیاهۆ بە ترەمپی راگەیاندووە، تاران تەنیا یەک کەرەستەی فشاری بەدەستەوە ماوە کە ئەویش گەرووی هورمزە بۆ ناچارکردنی ئەمریکا بۆ پێدانی نەرمی و پاشەکشە. ئەو ئامارانەی خستەڕوو کە ئێران لە ژێر فشارێکی زۆر قورسی ئابووریدایە، کێشەی دابینکردنی سووتەمەنی هەیە و نۆرەی درێژ لە بەنزینخانەکان دروست بووە، و سەرکردایەتی تاران زۆر نیگەرانە لە ئەگەری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی جەماوەری بەهۆی ئابوورییەوە. ناتانیاهۆ گوتویەتی، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێی ئێران هەڵوێستێکی زۆر توندی هەیە بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا بڕیارە فەرمییەکان بە تەواوی لە لایەن ئەوەوە دەردەچن یان نا.

هەروەها بەگوێرەی ئەکسیۆس، ناتانیاهۆ نەخشەیەکی سووریای نیشانی ترەمپ دا کە دەری دەخست ئەو ناوچانەی تورکیا لە سووریادا کۆنترۆڵی کردوون، 50 هێندە گەورەترن لەو ناوچانەی ئیسرائیل داگیری کردوون؛ ناتانیاهۆ سەرنجی خستە سەر پاراستنی ناوچەی تەفەرقی ئەمنی لە باشووری سووریا تا ئەو کاتەی مەترسیی گرووپە توندڕەوەکان ماوە، و ویستی لە رێگەی ئەم داتا فەرمییانەوە بەرپەرچی زانیارییە ناڕاستەکان بداتەوە کە پێشتر بە ترەمپ درابوون. هەروەها ناتانیاهۆ پێشوازی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئەمریکا و سعوودیە کرد لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئاساییشی هاوبەشی تەلئەڤیڤ و ریازدا.

ئەو پێگە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە، ناتانیاهۆ بە ترەمپ، جەی دی ڤانس جێگەرەکەی و سیتڤ ویتکۆفی راگەیاند، ئیسرائیل دەیەوێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بە تەواوی بگەیەنێتە ئاستی سفر، بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەواوی بەرگریی ئیسرائیل.

بۆ ئەم مەبەستەش ناتانیاهۆ پێشنیازی نوێکردنەوەی یادداشتی تێگەیشتنی هاوبەشی کردووە کە ئەمانە لەخۆ بگرێت: پێدانی 16 ملیار دۆلار وەک هاوکاری سەربازیی کاتیی ڕاستەوخۆ؛ دابینکردنی 5 بۆ 10 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە پەرەپێدانی سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکی؛ دروستکردنی سندووقێکی هاوبەشی توێژینەوە و گەشەپێدان (R&D) بە بەهای 16 ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی چەکی نوێ.

ناتانیاهۆ رایگەیاندووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر بڕیارێکی نەرێنی لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە داهاتوودا، فەرمانی بە پیشەسازیی بەرگریی ئیسرائیل کردووە کاربکەن بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی فڕۆکەیەکی جەنگیی نوێی مۆدێرن لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا، تاوەکو هێزە ئاسمانییەکانیان بەهێز بمێننەوە تەنانەت ئەگەر ئەمریکا فرۆشتنی فڕۆکەکانی F-35 بە ئیسرائیل رابگرێت بەهۆی بە گۆڕانی تێڕوانینی لایەنەکان لەسەر پێدانی هاوکارییە سەربازییەکان.

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی نوێی ڤیدیۆی بڵاو کردەوە، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دەرەنجامەکانی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا خستەڕوو و وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو هاوپەیمانەکە دەکەن.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام هێما بە بوونی شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئیسرائیل لە ئەمریکادا دەکرێت، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەم دەنگۆیانە راستی دۆخەکە ناگوازنەوە؛ خەڵک باسی ئەو شەپۆلە گەورانەی خۆشەویستی، پاڵپشتی و پێزانینە ناکەن کە لە سەرجەم ئاستەکانی ئەمریکادا بەرامبەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل بوونی هەیە."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لەگەڵ پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا کۆبووەتەوە و هیگسێت لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆخی جیۆپۆلەتیکی جیهاندا تێبینییەکی گرنگی پێ گوتووە: "سەرباری ئەوەی هەندێک وڵات هەن کە دەیانەوێت لە تەنیشت ئەمریکاوە بجەنگن بەڵام توانای سەربازییان نییە، و هەندێک وڵاتی تریش توانای سەربازیی پێویستیان هەیە بەڵام ئیرادە و خواستیان نییە؛ تەنیا ئیسرائیل لەسەر ئەم زەوییەدا هەیە کە هاوکات هەم خواست و هەم توانای تەواوی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە."

ناتانیاهۆ گوتی: وەزیری جەنگی ئەمریکا پڕ بە دڵ پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هێزەکانی سوپای بەرگریی ئیسرائیل و ئیرادەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی دەربڕیوە لەم ململانێ سەختانەی ناوچەکەدا.