سوپای یەمەن بۆ یەکەمجار نمایشی درۆنی جەنگی دەکات

سوپای یەمەن، چەند نمونەیەکی درۆنی وەک بەشێک لە چەک و کەرەستە سەربازییە نوێیەکانی نیشان دا، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی فەرمیی و دیکۆمێنتکراوی ئەم جۆرە درۆنەیە لە ناو جبەخانەی هێزەکانی حکوومەتی یەمەندا، کە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە توانای سەربازیی ئەو وڵاتە دەبینرێت.

پێنجشەممە 30ـی تەممووزی 2026، تەلەفزیۆنی فەرمیی یەمەن دیمەنەکانی بڵاوکردەوە کە تێیدا فەریق روکن تاهیر عەقیلی، وەزیری بەرگری، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سەربازی، بەسەر کەرەستە سەربازییەکاندا دەچنەوە، نمایشەکە چەندین جۆر درۆن، ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆری لەخۆ گرتبوو، کە تێیدا وەزیری بەرگری لە تایبەتمەندی و ئاستی ئامادەیی ئەو کەرەستانە ئاگادارکرایەوە.

ئەم چەکانە بەرهەمی فەرمانگەی پیشەسازیی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی یەمەنن، وەزیری بەرگری رایگەیاند، هەوڵەکانی ئەم فەرمانگەیە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکان و دابینکردنی چەک و کەرەستەی نوێ بۆ بەرەکانی جەنگ.

دەرکەوتنی درۆنەکان لەم نمایشەدا، گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە توانای سەربازیی حکوومەتی یەمەندا، چونکە لە ساڵانی رابردووی جەنگدا، حکوومەت بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان دەبەست، لە کاتێکدا گرووپی حوسییەکان بە فراوانی درۆنیان بۆ هێرشە ناوخۆیی و سنوورییەکان و دەریاییەکان بەکاردەهێنا.

 

پێشتر و لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، وەزارەتی بەرگری ئاشکرای کردبوو، هێزە چەکدارەکان خاوەنی درۆنن، ئاماژەی بەوەش کردبوو، هەندێکیان لە ناوخۆ دروستکراون و هەندێکی تریان کڕدراون، و ئێستا لە چەندین بەرەی جەنگدا خراونەتە خزمەتەوە.

ئەم نمایشە سەربازییە لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکان لە یەمەن روویان لە زیادبوون کردووە، حکوومەتی یەمەن جەخت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی دەکاتەوە و وەزارەتی بەرگریش سەرقاڵی رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان و پەرەپێدانی توانای ئۆپەراسیۆن و پڕچەککردنی سوپایە.