لەژێر دروشمی "پەروەردەی هاوچەرخ، کارامەیی و کوالیتی" کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان دەستیپێکرد

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چوارەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان (KEF 2026) لەژێر دروشمی "پەروەردەی هاوچەرخ، کارامەیی و کوالیتی" دەستپێکرد. لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکەدا، پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی "قوتابخانەکەم" وەک دەستپێشخەرییەکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە راگەیەندرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی تەممووزی 2026، لوتکە پەروەردەیییەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆک زانکۆکان و پسپۆڕانی ناوخۆیی و بیانی دەستیپێکرد. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی "قوتابخانەکەم"ی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پلاتفۆرمە کە دەستپێشخەریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە، قۆناخی بنەڕەتیی تەواو بووە و بۆ وەرزی نوێی خوێندن ئامادەیە، ئێستاش کار لەسەر قۆناخی پۆلەکانی 10، 11 و 12 دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕبەندەکەدا، پانێڵێکی تایبەت بە هۆشیاریی ژینگەیی بە بەشداری راوێژکارانی ئەنجوومەنی وەزیران و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو. هاوکات دکتۆر محەمەد تورکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا، تیشکی خستە سەر ئاستی کوالیتی لە سیستمی پەروەردەی وڵاتەکەی و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم ئەو کەرتە.

بڕیارە لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، پسپۆڕانی رێکخراوەکانی یونیسێف و یونسکۆ و توێژەرانی زانکۆی شاهانەی لەندەن، پێکەوە لەگەڵ سەرۆک زانکۆکانی هەرێم، تاوتوێی کارامەییە نوێیەکانی مامۆستایان و داهێنان لە پەروەردەدا بکەن. هەروەها پەیمانگەی کوردستان بۆ داهێنان لە پانێڵێکی جیاوازدا گۆڕانکارییە ریشەیییەکانی نێو ناوەندەکانی خوێندن دەخەنە بەرباس.

کۆڕبەندەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژی هەینی، 31ی تەممووز، تەرخان دەکرێت بۆ بابەتەکانی متمانەبەخشین، دڵنیایی جۆری و گونجاندنی سیستمەکە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار. لەو چوارچێوەیەدا راوێژکارانی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئیماراتەوە بەشدار دەبن بۆ گواستنەوەی ئەزموونە سەرکەوتووەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان. کۆڕبەندەکە دوای نیوەڕۆی سبەی بە پێشکەشکردنی وتاری کۆتایی لەلایەن وەزیری پەروەردەوە کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت.

کارنامەی کۆڕبەندەکە بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت: