گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیش بۆ سلێمانی تا کۆتایی ئەیلوول راگیراون
هێڵی ئاسمانیی تورکیش، بەهۆی ناسەقامگیری و تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو راگرتووە.
پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان24، رایگەیاند: هێڵی ئاسمانیی تورکیش بە فەرمی بڕیاریداوە گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی تا رێکەوتی 30ـی ئەیلوولی 2026 رابگرێت. هاوکات تا رێکەوتی 7ـی ئابی ئەمساڵیش گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگرتووە.
سەرۆکی کۆمەڵەکە روونیشی کردەوە، ئەم بڕیارەی کۆمپانیا تورکییەکە بەستراوەتەوە بە هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی تێکچوونی رەوشی ناوچەکە.
عەتا ئەنوەر ئاشکراشی کرد، کە هێڵی تورکیش ئێرلاین لە دوای مانگی نیسانی رابردووەوە (مانگی چوار)، بە تەواوی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی راگرتووە و لەو کاتەوە هیچ گەشتێکی بۆ ئەم شارە ئەنجام نەداوە.
گرژییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی ئەوەی چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتی خشتەی گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە تا ماوەیەکی کاتی رابگرن.